باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمریکا لە رێگەی شەمشەمەکوێرە نەخۆشی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هۆشدارییەک کە ترسێکی راستەقینەی لە نێو نوێنەرانی وڵاتان دروستکردووە. پێشبینییەکی رووسیا کە ئەگەر رووبدات ئەوە ژیانی ملیۆنەها کەس لە سەرتاسەری ئەوروپا دەکەوێتە مەترسییەوە.
ڤاسیلی نابینزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەم هەڕەشەیە زۆر راستەقینەیە. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە باسم کرد کە چۆن گرووپە رادیکاڵیە نەژادپەرستەکان لە ئۆکرانیا کاریان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کردووە لەسەر بەکارهێنانی میکرۆب وەکو چەک".
رووسیا پێشبینی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی دەکات لە ئۆکرانیا. رۆژی هەینی رووسیا داوای کرد ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆببێتەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی هۆشداری بداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
چەکی بایۆلۆجی لە چەکی کیمیایی زۆر مەترسیدارتر دەبینرێت. چەکی بایۆلۆجی بریتییە لە بڵاوکردنەوەی بە مەبەستی میکرۆبی کوشندە بۆ مەبەستی سەربازی.
رووسیا ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ئۆکرانیا کاریان لەسەر ئەو جۆرە چەکانە کردووە و باڵیۆزی رووسیا تەنانەت دەڵێت، ئەمریکا دەیەوێت میکرۆب لە رێگەی شەمشەمەکوێرە و باڵندەوە بۆ رووسیا بنێرێت. بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت هیچ ئاماژە و بەڵگەیەک بۆ ئەو تۆمەتانەی رووسیا نییە و زۆربەی دیپلۆماتەکان و نوێنەرانی وڵاتان ئەو تۆمەتانەی رووسیا بەجیدی وەرناگرن.
بەڵام نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنسا رۆژی هەینی قسەکانیان بە جیدی وەرگرت، پێیان وایە ئەم تۆمەتانەی رووسیا کە ئێستا دروستی دەکات خۆئامادەکردنەوە بۆ بەرکاهێنانی چەکی بایۆلۆجی و کیمیایی لە ئۆکرانیا.
باڵیۆز لینندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "رووسیا مێژوو و ئەزموونی هەیە لەوەی کە وڵاتانی دیکە بەو پێشێلکارییانە تۆمەتبار دەکات کە خۆی ئەنجامی دەدات. لەبەر ئەوە ئێمە ترسێکی راستەقینەمان هەیە کە رووسیا پلانی هەیە چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بەکاربهێنێت لە دژی خەڵکی ئۆکرانیا. مەبەست لە پشت ئەم درۆیانە روونە و جێگەی ترسێکی قووڵە".
باڵیۆز نیکۆلاس ریڤێرا، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، "رووسیا جارێکی دیکە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و چەواشەکاری و هەواڵی ساختە وەکو ستراتیژییەک بەکاردەهێنێت. ئەوەی ئەمڕۆ لێرە روودەدات نموونەیەکی دیکەیە بۆ هەڵمەتێکی چەواشەکاری".
بەشێک لە نوێنەرانی دیکەی وڵاتانی ئەوروپا پێیان وایە کە ئەم پێشبینی و تۆمەتە مەترسیدارانە هەوڵێکی مۆسکۆیە بۆ تۆقاندنی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ، چونکە رووسیا لە مەیدانەکانی شەڕی ئۆکرانیا وەکو هێزێکی سەربازی سەرکەوتوو دەرنەکەوتووە و پرسیار لەسەر توانای راستەقینە سەربازی رووسیا دروست بووە.