دادگەیەکی هۆڵەندا بڕیاریدا وڵاتەکەی پارچەی فڕۆکەی F-35 بە ئیسرائیل نەفرۆشێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی هۆڵەندا بڕیاریدا ئەو وڵاتە فرۆشتنی پارچە و کەلوپەلی فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە ئیسرائیل بوەستێنێت، چونکە "مەترسیی روون" هەیە کە ئەو فڕۆکانە لە پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا تێوەگلابن.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی لاهای لە بەرژەوەندیی سکاڵای رێکخراوە مرۆییەکاندا بڕیاری دەرکرد.
ئەو رێکخراوانە لە سکاڵاکەیاندا باسیان لەوە کردبوو، فرۆشتنی ئەو پارچە و کەلوپەلانە یارمەتیی ئیسرائیل دەدەن لە جەنگی غەززەدا یاساکان پێشێل بکات.
بڕیارنامەی دادگەکە دەڵێت، "دادگە فەرمان بە دەوڵەت دەکات لە ماوەی حەوت رۆژدا کۆتایی بە هەناردەکردنی پارچەی زیاتری F-35 بۆ ئیسرائیل بێنێت."
دادوەری دادگەکە گوتی، "مەترسیێکی روون هەیە کە بە فڕۆکەی جەنگیی F-35 لە غەززە پێشێلکاریی گەورە دژی یاسای مرۆیی جەنگ، کرابن."
پارچە و کەلوپەلی فڕۆکەی جەنگیی F-35 لەلایەن ئەمریکاوە خاوەندارێتی دەکرێن، بەڵام لە کۆگایێکی هۆڵەندا هەڵگیراون و لەوێوە بۆ وڵاتانی دیکە هەناردە دەکرێن، لەنێویاندا ئیسرائیل.
کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، دادگەی هەرێمیی لاهای گوتبووی، هەناردەکردنی ئەو پارچە و کەلوپەلانە، بڕیارێکی سیاسییە کە نابێت دادوەرەکان دەستی تێوەربدەن.
بەڵام دادگەی تێهەڵچوونەوە ئەو بڕیارەی رەتکردەوە و گوتی، پێویستە هۆڵەندا "هەناردەی کەلوپەلی سەربازی قەدەخە بکات ئەگەر مەترسیی روون لە هەبوونی پێشێلکاریی گەورە دژی یاسای مرۆیی جەنگ بکرێت."
دادگەکە دەڵێت، "ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا، وەکو پێویست بیر لە لێکەوتەکان بۆ خەڵکی سڤیل ناکاتەوە و هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی گەورەی خەڵکی سڤیل، لە نێویاندا هەزاران منداڵ."
رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری غەززە. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس لەو رۆژەدا کوژران کە بەشێکی زۆریان خەڵکی سڤیل بوون.
لە وەڵامی ئەوەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و هێرشی زەوینی کرد بۆ سەر غەززە، کە تاوەکو ئێستا بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، لانیکەم 28 هەزار و 340 کەس بەو هۆیەوە کوژراون، دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.
دامودەزگاکانی هۆڵەندا رایانگەیاندبوو، روون نییە ئایا دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە دەستوەردان لە ناردنی ئەو پارچانەدا بکەن یان نا، چونکە ئەوە بەشێکە لە کارێکی تایبەتی ئەمریکا بۆ ناردنی پارچەکان بۆ هاوپەیمانەکانی.
پارێزەرانی حکومەتی هۆڵەندا هەروەها بە دادگەیان گوت، ئەگەر هۆڵەنداش ئەو پارچانەیان بۆ نەنێرێت، ئەوا ئیسرائیلییەکان دەتوانن بە ئاسانی لە شوێنەکانی دیکە بیانکڕن.
ساڵی 2016، هۆڵەندا مۆڵەتی هەناردەکردنی ئەو پارچانەی دابوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە بەراورد بەو کات، دادگە دەڵێت، دەبێت حکومەت ئەوە لەبەرچاوبگرێت.
دادگە لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "تەنیا لەبەر ئەوەی ماوەی مۆڵەتەکان بێسنوورە، بە واتای ئەوە نایەت کە دەوڵەت چاوی لەو شتانە بنووقێنێت کە دواتر روودەدەن."