تیمەکەی هاریس داوای دیبەیتێکی دیکە دەکەن؛ ترەمپیش دەڵێن دۆڕاون


رووداو دیجیتاڵ 

تیمی بانگەشەی هاریس داوای دیبەیتێکی دیکە لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ دەکەن. ترەمپیش دەڵێت، ئەو بردوویەتیەوە و پێویست ناکات، بەڵام بیری لێدەکاتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 11-09-2024 دیبەیتی سەرۆکایەتیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێرانی دیموکرات و کۆماریی ئەمریکا بەڕێوەچوو. ئەمە دووەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵ بوو، یەکەمیان لەگەڵ جۆ بایدن بوو، بەڵام بۆ کامالا هاریس یەکەم ئەزموون بوو. 
 
دوای تەواوبوونی دیبەیتەکە، تیمی بانگەشەی هاریس داوای دیبەتێکی دیکەیان کرد کە لە مانگی تشرینی یەکەم پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکرێت. 
 
جێن ئۆمەیڵی دیلۆن، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاریس گوتی، "لەنێوان چوونە پێش لەگەڵ هاریس و گەڕانەوە دواوە لەگەڵ ترەمپ، پێویستە خەڵکی ئەمریکا بزانن چ هەڵدەبژێرن؟ ئەمریکییەکان ئەمشەو ئەوەیان بینی و پێویستە دیبەیتی دووەمیش بکرێت. کامالا هاریس ئامادەیە، ئەی دۆناڵد ترەمپ؟"

 

 
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هۆڵی دیبەیتەکە هاتە دەرەوە و پرسیاری دیبەیتی دووەمی لێکرا، گوتی، "دیارە دۆڕاون بۆیە داوای دەکەن. بیری لێدەکەمەوە، بەڵام مادام بردوومەتەوە، وابزانم پێویست بە دیبەیتێکی دیکە ناکات."
 
ترەمپ بە دەمی خۆی دەڵێت، بردوویەتییەوە، بەڵام ئامارەکان و خوێندنەوەکان بۆ دیبەیتەکە شتی دیکە دەڵێن. 
 
ترەمپ هەروەها رایگەیاند، "ئەگەر لە کەناڵێکی دادپەروەرتر دیبەیتێک بکرێت، ئامادەم." لەبارەی ئاستی خۆی لە دیبەیتەکەش، بەربژێری کۆمارییەکان گوتی، "ئەمە باشترین دیبەیت بوو کە تا ئێستا کردبێتم."
 
بەگوێرەی راپرسییەکی نافەرمی و ئەوانەی راستەوخۆ بینەری دیبەیتەکە بوون، 45٪ دەنگیان بە هاریس و 39٪ـیش دەنگیان بە ئاستی ترەمپ داوە.
 
بڕیارە رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.