ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی لە باشووری غەززە رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، دوێنێ چوار سەربازی لە باشووری غەززە لە شەڕدا کوژراون.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەربازەکان "لە کاتی شەڕکردن لە باشووری غەززە" کوژراون، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو. 
 
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو سەربازانە بەهۆی تەقینەوەیەک لە خانووێکدا لە شاری رەفەحی باشووری غەززە کوژراون. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی ئیسلامی فەلەستینی (حەماس) رایگەیاند، چەکدارەکانی توانیویانە خانووێک کە پێشتر بۆمبڕێژکرابوو، بەسەر ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلدا بتەقێننەوە. 
 
قەسام لە راگەیێندراوەکەی گوتبووی، "موجاهیدەکانی قەسام توانییان خانووێک بتەقێننەوە کە هێزێکی زایۆنی خۆی تێدا حەشاردابوو، لە ئەنجامدا ئەندامانی هێزەکە کوژران و برینداربوون".
 
میدیای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، حەوت سەربازی دیکەی ئیسرائیلی لە هەمان تەقینەوەدا بریندار بوون، کە پێنجیان برینەکانیان سەختە. 
 
ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە هێرشی زەوینیی سەر غەززەدا کوژراون، کە لە 27ی تشرینی یەکەمدا، دەستیپێکردووە گەیشتە 298 کەس.
 
هەشت مانگە جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، کە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد.
 
وێڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان، 7ی ئایار، ئیسرائیل دەستی بە هێرشی زەوینی کرد بۆ سەر شاری رەفەح. 
 
وڵاتانی جیهان، لە نێویاندا ئەمریکای هاوپەیمانی ئیسرائیل دژی ئۆپەراسیۆنەکە بوون، ئەوەش بەهۆی ئەو خەڵکە سڤیلەی پەنایان بۆ ئەو شوێنە بردووە. 
 
لەو کاتەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوونەتەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، تائێستا، ئیسرائیل بە هێرشە زەوینی و ئاسمانییەکانی، لانیکەم 37 هەزار و 124 کەسی لە ناوچە فەلەستینییەکە کوشتووە، کە زۆربەیان سڤیلن.