فڕۆکەی جێگری سەرۆکی مالاوی ون دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
گەڕان بە دوای فڕۆکەکەی جێگری سەرۆکی مالاوی بەردەوامە، هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ دۆزینەوەی نییە.
سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەفریقییە رۆژی دووشەممە گوتی، هەموو هەوڵێکیان خستووتەگەڕ بۆ ئەوەی فڕۆکەکەی ساولۆس چیلیما بدۆزنەوە.
فڕۆکەکە رۆژی دووشەممە، کاژێر 09:00ـی بەیانی بە کاتی مالاوی، واتە 10:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر، فڕیبوو، بەهۆی کەشوهەوای نالەبارەوە نەیتوانیبوو بنیشێتەوە، پاشان لە رادارەکان ونبوو.
فڕۆکەکە جێگری سەرۆک و نۆ کەسی دیکە تێدایە، لە نێویاندا شانلی دیزمبیری، خانمی پێشووی یەکەمی مالاوی.
فڕۆکەکە لە شاری لیلۆنگوێی پایتەختی مالاوییەوە بۆ شاری مزووزو گەشتی دەکرد بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسەی وەزیرێکی پێشووی وڵاتەکەدا بکەن.
لازاروس چاکوێرا، سەرۆکی مالاوی گوتی "لە کاتی گەیشتنیان بە مزووزو، بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین لە ئەنجامی کەشوهەوای نالەبار، فڕۆکەوانەکە نەیتوانی فڕۆکەکە بنیشێنێتەوە. بەرپرسانی فڕۆکەوانی، ئامۆژگاری فڕۆکەوانەکەیان کرد بگەڕێتەوە لیلۆنگوێ، بەڵام کەمێک دواتر، دامودەزگەکانی رایانگەیاند پەیوەندییان لەگەڵ فڕۆکەکەدا لەدەستداوە."
سەرۆکی وڵاتەکە دەنگۆی ئەوەشی رەتکردە کە شەوی رابردوو، گەڕان و پشکنین وەستێنرابێت. چاکوێرا گوتی، سەربازەکان، هێشتا بەردەوامن لە گەڕان و فەرمانیان کردووە؛ پێویستە تاوەکو دۆزینەوەی فڕۆکەکە بەردەوام بن لە گەڕان."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد؛ پەیوەندیی بە حکومەتی ژمارەیەک وڵاتەوە کردووە، لە نێویاندا، ئەمریکا، بەریتانیا، نەرویج و ئیسرائیل بۆ ئەوەی یارمەتیی بدەن، ئەوانیش هەموویان رایانگەیاندووە، "بە رێگە و توانای جیاواز" پشتیوانی مالاوی دەکەن، لەوانەش دابینکردنی "تەکنەلۆجیای تایبەت کە توانای زووتر دۆزینەوەی فڕۆکەکە زیاتر دەکەن."
سەربازان بە شەو، بە لایت و بەپێ بە دوای فڕۆکەکەدا دەگەڕێن، ئەمە وەک میدیای خۆجێی باسی دەکات.
ژمارەیەک هەواڵی پشتڕاستنەکراوە دەڵێن، رۆژی دووشەممە، چەند کەسێک بینیویانە فڕۆکەیەک لە نێو دارستانێکدا تێکدەشکێت.
سەرۆکی مالاوی بەهۆی رووداوەکە سەردانێکی بۆ بەهاماس هەڵوەشاندەوە.
چیلیما، لە ساڵی 2014 بۆ یەکەمینجار بە جێگری سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا. لە وڵاتەکەیدا، بە کەسێکی سەنگین و خۆشەویست دادەنرێت، بە تایبەتی لای گەنجان.
بەڵام لە ساڵی 2022 لە دووەم خولیدا وەک جێگری سەرۆک، دەسەڵاتەکانی لێوەرگیرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە دەستگیرکرا و بە بەرتیلوەرگرتن تۆمەتبارکرا.
مانگی رابردوو، دادگەیەکی مالاوی، دۆسیەکەی هەڵوەشاندەوە.