وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: مارکۆ روبیۆ و مەسرور بارزانی جەختیان لە هاوبەشیی بەهێزی نێوان واشنتن و هەولێر کردەوە

مارکۆ روبیۆ و مەسرور بارزانی
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە هاوبەشیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی هەناردەی نەوتی بە گرنگ زانیوە.
 
رۆژی هەینی، 11-04-2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد. وەزیری دەرەوە جەختی لە هاوبەشیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، مارکۆ روبیۆ باسی هاوبەشیی نێوان هەردوولای لە "فراوانکردنی دەرفەتی بازرگانی، برەودان بە سەقامگیریی ناوچەیی و بەهێزکردنی دیموکراسی" کرد.
 
وەزارەتەکەی ئەمریکا دەڵێت، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "کردنەوەی دەستبەجێی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکانی رابردووی ئەمریکییەکان و راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنانی داهاتوو گرنگە."
 
لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و رۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.