لە پڕۆژە بودجەی بەرگریی ئەمریکا داوای 380 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکرێت

رووداو - واشنتن 

ئیدارەی بایدن لە پڕۆژە بودجەی 2025ی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی داوای 528 ملیۆن و 699 هەزار دۆلار بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی دەکات. لەو بڕە پارەیە، سەرووی 380 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراقە. 
 
پڕۆژە بودجەکە رەواوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکرێت و دوای پێداچوونەوەی لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکان و پەسندکردنی لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا، دەگەڕێندرێتەوە بۆ کۆشکی سپی و بە واژۆی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بە یاسا و لە ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت. 
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رۆژی دووشەممە، پڕۆژە بودجەی پێشنیازکراوی ساڵی 2025 بڵاوکردووەتەوە و لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەشدا داوای 528 ملیۆن  و 699 هەزار دۆلار هاوکاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە عێراقییەکان کردووە.
 
بەپێی پڕۆژە بودجەکە لە بڕە پارەیەی کە داواکراوە، بڕی 380 ملیۆن و 758 هەزار دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەبن، 147 ملیۆن و 941 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبێت.
 
هاوکارییەکان تایبەت دەبن بە مەشق و راهێنان و هەروەها پڕچەککردنی ئەو هێزانەی کە رووبەڕووی داعش دەبنەوە. 
 
بەپێی پڕۆژە بودجەکە بێت، ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 داوای هاوکاری زیاتری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە عێراقییەکانی کردووە.  
 
ئەم پێشنیازەی ئیدارەی بایدن لە کاتێکدایە کە هاوکارییەکانی ئەمریکا لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2024 بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات 475 ملیۆن دۆلاربوو. 
 
لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2023شدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی ئەو هێزانە داوای 475 ملیۆن دۆلاری کردبوو.