بایدن بێت یان ترەمپ؛ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی کەمتر دەتوانن پشت بە وڵاتەکە ببەستن
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری دووبارەبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ و بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، هاوپەیمانەکانی واشنتن خۆیان بۆ رێگەیەکی پڕ لە هەڵبەز و دابەز ئامادە دەکەن.
زۆر لەو هاوپەیمانانە نیگەرانی ئەوەن کە بردنەوەی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی لە لایەن ترەمپەوە وەک بوومەلەرزە دەبێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر بایدنیش بیباتەوە، نیگەرانییەکان هەر لە زیادبووندان، چونکە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا پێیانوایە ئەو وڵاتە تاوەکو دێت کەمتر جێگەی متمانەیە و ناتوانن وەک جاران پشتی پێ ببەستن.
لەبەرئەوەی کۆنگرێس لەسەر ژمارەیەک پرس لە کێشمەکێش و دابەشبوونێکی قووڵدایە، چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا بە ئاسانی سەوداسەری پرسە نێوخۆییەکان بێت، پێش ئەوەی بتوانێت دەست لە پرسە گەرمەکانی جیهان بدات، لەوانەش جەنگی غەززە و ململانێی رووسیا و ئۆکراینا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەم دواییانە بە روونی ئەوەی لە دڵ و مێشکیدا بوو سەبارەت بە ئەمریکا، هێنایە سەر زار، کاتێک گوتی، "گرنگترین شت بۆ ئەمریکا، ئەمریکا خۆیەتی."
ئیدارەی ترەمپ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خستە ژێر تاقیکردنەوە، بەتایبەتی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی. ترەمپ رەخنەی لە سەرکردەی ئەو وڵاتانە دەگرت کە دۆستی ئەمریکان، لەنێویاندا ئەنگێلا مێرکلی راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا و ترێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا. لە هەمان کاتدا، ستایشی ئەو سەرکردانەی دەکرد کە لە ئەمریکا و ئەوروپا تۆمەتباردەکرێن بەوەی خۆسەپێنن، لەوانەش ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.
ترەمپ، شی جینپینگ-ی سەرۆکی چینی بە "بلیمەت" و ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریاشی بە "سەرکردەیەکی مەزن" ناودەبرد.
لە قسەکانی دا لەکاتی گردبوونەوە جەماوەرییەکاندا، دەردەکەوێت کە ترەمپ هێشتا گومان و رەخنەی لە رێکخراوەکانی وەک ناتۆ هەیە و هەندێ جار داخ لەو ملیاران دۆلارە دەخوات کە ئەمریکا لە هاوپەیمانییە بەرگرییەکەی خەرجیکردووە، لە کاتێکدا هەر ئەو هاوپەیمانییەیە کە بووەتە فریادڕەسی ئۆکراینای دۆستی رۆژئاوا لە جەنگی دژی رووسیا.
بایدن، بە پێچەوانەوە، پشتیوانیکردنی ئۆکراینای کردووەتە کارێکی لەپێشینە، بەڵام بایدن کە بووە سەرۆک قسەیەکی کرد کە بە تەواوی بەدینەهاتووە، ئەوەش کاتێک گوتی، "ئەمریکا گەڕایەوە" سەر سەکۆی جیهان.
ئەمە زەحمەت نییە بۆ تێگەیشتن و سەلماندن، کاتێک دەبینین کۆمارییەکان لە کۆنگرێس رێگە نادەن یارمەتیی سەربازیی زیاتر بۆ ئۆکراینا بنێردرێت و هەژموون و کاریگەریی ئەمریکاش لەو ئاستەدا نەبووە ململانێی نێوان فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان چارەسەر بکات، بەڵکو هەر زۆر دووریش بووە.
تۆماس گیفت، بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسەتی ئەمریکا لە کۆلێژی زانکۆئاسای لەندەن دەڵێت، هەر کامەیان ببێتەوە بە سەرۆک، ئاراستەی گەشتەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناگۆڕێت، کە ئەویش رۆیشتنە بەرەو جیهانێکی فرەجەمسەر؛ جیهانێک کە چی دیکە ئەمریکا "تاکە زلهێزی بێهاوتا" نییە.
زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا خۆیان لەوە بەدووردەگرن قسەی راستەوخۆ لەسەر هەڵبژاردنی ئەمریکا بکەن و دەڵێن، هەڵبژاردنی سەرۆک شتێکە پەیوەندی بە ئەمریکییەکانەوە هەیە.
ئەوان دەزانن کە هەر کەسێک هەڵبژاردنەکە بباتەوە، پێویستە دواجار بەرگەی بگرن و کاری لەگەڵ بکەن؛ حکومەتەکان لە پشتەوەی پەردە و لە "ژوورەکانی دواوە" بە بێدەنگی سەرقاڵی دروستکردنی پەیوەندی دەبن لەگەڵ تیمە سیاسییەکانی هەردوو بەربژێرەکە، ئەمە وەک ریچارد داڵتن، دیپلۆماتی پێشووی بەریتانیا باسی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە زۆر لەو هاوپەیمانە ئەوروپییانەی لەنێو ناتۆدان، نیگەرانن و دەڵێن تاوەکو دێت، ئەمریکا زیاتر متمانە لەدەستدەدات و ناچارن کەمتر پشتی پێ ببەستن. کار گەیشتووەتە ئەوەی، هەندێکیان بە ئاشکرا باس لە زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانیان بکەن و پلان بۆ هاوپەیمانیێکی بەرگریی بێ ئەمریکا دابنێن.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "ئێستا زۆر پەیوەندیی تەلەفۆنی بە هاوکارەکانمانەوە دەکەین و داوایان لێ دەکەین کاری زیاتر بکەن" بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراینا.
ئەڵمانیا دووەم گەورەترین بەخشەری پشتیوانیی سەربازییە بۆ ئۆکراینا لەسەر ئاستی جیهان و تەنیا ئەمریکا لەپێشەوەیەتی، بەڵام شۆڵتز، بەم دواییانە بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری پشتیوانییەکەی بێت،" ئەڵمانیا ناتوانێت بۆشاییەکە پڕبکاتەوە.
لەم نێوەندەدا، رووسیا سەرقاڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ چین، ئێران، کۆریای باکوور و لە لایەکی دیکەشەوە لە هەوڵی کەمکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتییە بۆ ئۆکراینا.
ماکرۆنیش پێیوایە سەرنجی ئەمریکا ترازاوە و زۆر لە ئەوروپا دوورکەوتووەتەوە. سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت، ئەگەر کاری لەپێشینەی ژمارە یەکی واشنتن ئەمریکا بێت، دووەمیان چینە.
ماکرۆن مانگی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "لەبەر ئەمەیە کە دەمەوێت ئەوروپایەکی بەهێزتر دروستبێت؛ ئەوروپایەک کە بزانێت چۆن خۆی دەپارێزێت و پشتی خۆی بەوانی دیکە گەرم نەکات."
ترەمپ لە ئەوروپا بێ پشت نییە. ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، کە زۆر جار وەک دۆستێکی پووتین رەخنەی لێ دەگیرێت، یەکێکە لەوانەی کە بە ترەمپ سەرسامە. بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیاش بەم دواییانە گوتی، "بوونەوەی ترەمپ بە سەرۆک رەنگە رێک ئەو شتە بێت کە جیهان پێویستی پێیەتی."
جۆنسن خۆی پشتیوانکارێکی بەهێزی ئۆکراینایە دژی رووسیا، بەڵام ترەمپ چەندین جار ستایشی پووتینی کردووە و گوتوویەتی ئەمڕۆ ببێتەوە بە سەرۆک، سبەی جەنگەکە کۆتایی پێ دەهێنێت، بەڵام جۆنسن لە وتارێکدا کە لە چاپەمەنیی بەریتانیادا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات، بڕوا ناکات ترەمپ "دەستبەرداری ئۆکراینییەکان بێت،" بەڵکو یارمەتیی ئۆکراینا دەدات بۆ ئەوەی جەنگەکە بباتەوە، رۆژئاوا بەهێزتر و "جیهانیش سەقامگیرتر دەکات."
برانون مادۆکس، بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی شاهانە - چاتم هاوس دەڵێت، ئەم جۆرە قسانەی کە جۆنسن دەیانکات، دەچنە خانەی بەکەم سەیرکردنی ئەوەی کە ترەمپ چەندە "ناسەقامگیرکەر" بووە و ئەگەر دووبارەش هەڵبژێردرێتەوە، لەسەر ئەو رەوتە بەردەوام دەبێت.
خانمە لێکۆڵینڤانەکە دەڵێت، "بۆ ئەوانەی دەڵێن خولی یەکەمی ترەمپ زیانی بە شیرازەی نێودەوڵەتی نەگەیاندووە، وەڵامێک ئەوەیە کە ترەمپ ئەمریکای لە رێککەوتنی سنووردارکردنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی هێنایە دەرەوە. لەبەر ئەوەی ئێران لەو کاتەوە دەستی بە زیادکردنی کارەکانی کرد، ئێستا لە لێواری بوون بە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیدایە."
بایدن لە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران رازی نەبوو، بەڵام خۆیشی نەیتوانیوە ئەو پردەی ترەمپ تێکیدا، لەنێوان واشنتن و تاراندا دروستی بکاتەوە. هەردوو پایتەختەکە، تاوەکو ئێستاش دەست و بازوویان لە ناوچەکە لێک دەخشێنن.
ریچارد داڵتن کە پێشووتر باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو بووە لە ئێران، دەڵێت، ئەگەر ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆک، ئاسۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "کەمێک خراپتر" دەبێت، بەڵام دوورکەوتنەوە لە کێشە سەرەکییەکانی ناوچەکە (جەنگی غەززە و هەوڵە ئەتۆمییەکانی ئێران) سنووردار دەبێت و زۆر نابێت.
داڵتن دەڵێت، "هیچ ئیدارەیەکی ئەمریکا هەوڵی رژد بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئێران نادات. ئەو کارە لە کار ترازاوە."
لە لایەک، فەلەستینییەکان و پشتیوانەکانیان رەخنەی تووند لە بایدن دەگرن بەوەی کە پشتیوانیی بێسنووری داوەتە ئیسرائیل لە کاتێکدا کە زۆربەی هەرە زۆری قوربانییانی جەنگی غەززە خەڵکی سڤیلن، لە لایەکی دیکەوە بناژۆخوازەکانی نێو ئیسرائیل دەڵێن، ئەمریکا بووەتە کۆسپێکی گەورەی بەردەم شەڕەکە.
ئیتامار بن گڤیر، وەزیری راستڕۆی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بەم دواییانە گوتی، بایدن "پشتیوانیی تەواو" بە ئیسرائیل نادات و "ئەگەر ترەمپ لە دەسەڵات" بووایە، رەفتاری ئەمریکا تەواو جیاواز دەبوو.
هەروەک هاوپەیمانەکانی، نەیارەکانی ئەمریکاش زۆر راشکاو نین لەبارەی ئەوەی کە پێیان خۆش دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکە چۆن بێت.
ترەمپ پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەردۆغان دروستکرد و لە کۆبوونەوەیەکی ساڵی 2019ـدا تورکەکانی بە "هاوڕێی زۆر باش" ناوبرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لەرزۆک بوون.
لەسەر ئەوەی کە ئەنقەرە بڕیاریدا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسی بکڕێت، ئیدارەی ترەمپ تورکیای لە پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 دوورخستەوە. ترەمپ خۆیشی هەڕەشەی کرد ئابووریی تورکیا وێران بکات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، مانگی رابردوو بە میدیای ئەمریکای گوتی، چ ترەمپ بیباتەوە یان بایدن، بڕواناکات "هیچ جیاوازیەک دروستبێت". لاڤرۆڤ گوتی لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج بووشی کوڕەوە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و واشنتن بەرەو خراپی رۆیشتوون.
چین، ئەو وڵاتەی کە سەرەتا پێشوازییەکی گەرموگوڕی لە دەستبەکاربوونی ترەمپ کرد، بەڵام دواتر لەگەڵیدا کەوتە چاو بە چاوانێی سەپاندنی پێناسی گومرکی و گرژکردنی پەیوەندییەکان، ئێستا، واتە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا، کەم گۆڕاوە. بایدنیش درێژەی بە هەڵوێستی تووندی ترەمپ بەرامبەر بە رکابەرە ستراتیژییەکەی ئەمریکا داوە.