زیانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس 135 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژە چەند شوێنێکی شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا گڕیان گرتووە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانیش تاوەکو ئێستا 150 کیلۆمەتر چوارگۆشە سووتاوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئاگرەکەوە گوتی، "ئاگرەکە دیمەنی جەنگی بیرخستمەوە کە چەند شوێنێکی دیاریکراو بۆردوومان کرابن. ئاگرەکە شێتانە تەشەنە دەکات و هەموو شتێک دەسووتێنێت."
ئاگر لە پێنج لاوە کەوتبووەوە، تاوەکو ئێستا یەکیان کۆنتڕۆڵکراوە و هەوڵەکانیش بۆ کۆنترۆڵکردنی چوار شوێنەکەی دیکە بەردەوامە.
جیم ماکدۆنێڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆس ئەنجلس لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان گوتی، "دەمەوێت خەڵک دڵنیابکەمەوە کە ماندوونەناسانە کاردەکەین بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک و موڵکیان رزگار بکەین و پارێزگاری لە سەلامەتیی گشتی بکەین. لە سەرانسەری وڵاتەوە یارمەتیمان پێدەگات."
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، لە 07-01-2025ـەوە کە ئاگرەکە کەوتووەتەوە، 150 کیلۆمەتر چوارگۆشە سووتاوە؛ 11 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ زیان بەر 10 هەزار خانوو و باڵەخانە کەوتووە؛ 180 هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە.
لەماوەی ئەو چوار رۆژە، 20 کەس لەسەر دزیکردن دەستگیرکراون و زیانە ئابوورییەکانیش تاوەکو ئێستا بە 135 بۆ 150 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.