ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس بە ژمارە؛ لە پێنج لاوە ئاگرە و 'نزیکەی 150 ملیار دۆلار زیان هەیە'
رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژە ئاگرەکەی شاری لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەردەوامە؛ بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە، 10 هەزار خانوو و باڵەخانە رووخاون، 180 هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و نزیکەی 150 ملیار دۆلاریش زیان هەیە.
لە پێنج لاوە ئاگر
شاری لۆس ئەنجلس لە پێنج لاوە ئاگری گرتووە و پاشماوەکەی دیمەنێکی وای بە شارەکە بەخشیوە وەک ئەوەی جەنگ روویدابێت.
ناوچەی پالەسەیدس کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شارەکە، دووەم گەورەترین شارە لە رووی دانیشتووانەوە، تاوەکو ئێستا 86 کیلۆمەتر چوارگۆشەی سووتاوە. ئاگرەکە گەڕەکی پاسیفیک پالەسەیدسی گرتووەتەوە، کە ماڵی گەورە ملیاردێر و ئەستێرەکانی جیهانی لێیە.
ناوچەی دووەم ناوچەی (ئیتن)ە، کە 56 کیلۆمەتر چوارگۆشەی سووتاندووە. ئاگرەکەی ئیتن تاوەکو ئێستا بەگوێرەی پێشبینییەکان 8%ی کۆنترۆڵ کراوە.
سێ ئاگرەکەی دیکە لە ناوچەکانی کێنێس، هێرست و لیدیان، کە بە هەرسێکیان 8.6 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان سووتاندووە و 50%، 70% و 98% کۆنترۆڵ کراون.
150 کیلۆمەتر چوارگۆشە سووتاوە
ئاگری پێنج ناوچەکە تاوەکو ئێستا 150 کیلۆمەتر چوارگۆشەی ئەو شارەی ئەمریکای سووتاندووە و دەسووتێنێت. بەراورد بە ئاگرەکانی دیکە کە لە ساڵانی رابردوودا کالیفۆرنیایان گرتووەتەوە و چەندان کیلۆمەتریان سووتاندووە، ئەو ئاگرە بچووکترە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پریشکی ئاگرەکە گەیشتووەتە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، زیانی زیاترە.
11 کەس گیانیان لەدەستداوە
تاوەکو ئێستا 11 کەس بەهۆی ئاگرەکە یانیش کاریگەرییەکانی گیانیان لەدەستداوە. دوو کەس لە ناوچەی پالەسەیدس گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسیش لە ناوچەی ئیتن. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەو ئاگرە یەکێکە لە 20 ئاگرە کوشندەکەی مێژووی ویلایەتی کالیفۆرنیا.
10 هەزار باڵەخانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە
ئاگرەکە زیانی گەورەی بە 10 هەزار خانوو و باڵەخانە گەیاندووە؛ 5000یان لە پالەسەیدس و لەنێوان چوار بۆ پێنج هەزاریش لە ئیتن. لە تشرینی دووەمی 2018 ئاگری (کامپ) لە شاری ساکرامێنتۆی کالیفۆرنیا 19 هەزار باڵەخانەی زیان پێگەیاند و لە تشرینی یەکەمی 2017ش لە شاری سان فرانسیسکۆ ئاگری (تەبس) 5600 باڵەخانەی زیان پێگەیاند و رووخاند.
180 هەزار کەس دەربەدەر بوون
نزیکەی 180 هەزار کەس فەرمانیان پێکراوە ناوچە و ماڵەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، دەسەڵاتداران نامەی ئاگادارکردنەوە دەنێرن، بەڵام بەشێک لە دانیشتووان دەمێننەوە و هەوڵی رزگارکردنی ماڵ و موڵکەکانیان دەدەن.
گەڕەکی هۆڵیوودی بەنێوبانگیش داواکرا چۆڵ بکرێت، بەڵام دوای کۆنترۆڵ کردنی لە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 09-01-2025 داواکارییەکە هەڵگیرا.
لەسەر دزی و تاڵانی 20 کەس دەستگیرکراون
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەو ئاگرە، دزی و تاڵانییە؛ پۆلیسی شارەکە تاوەکو ئێستا لانیکەم 20 کەسی بە تۆمەتی دزیکردن و تاڵانی دەستگیرکردووە. دەسەڵاتدارانی شارەکە فەرمانی قەدەخەی هاتووچۆی شەوانیان دەرکردووە، پاسەوانی نیشتمانییش بۆ ناوچە زیان بەرکەوتووەکان نێردراوە.
نزیکەی 150 ملیار دۆلار زیان
لەگەڵ رووخان، سووتان و زیانپێگەیشتنی خانوو و ڤێلا گرانبەهەکان، زیانە ئابوورییەکان تادێت زیاتر دەبن. پێگەی ئاکیووێزەر-ی تایبەت بە کەشناسی دەڵێت، زیانە ئابوورییەکان لەنێوان 135 بۆ 150 ملیار دۆلار دایە و ئەگەری بەرزبوونەوەشی هەیە.