گەردەلوولێکی بەهێز لە ناشڤیڵ دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، گەردەلوول و کەشوهەوای سەخت سەرانسەری ویلایەتی تێنسی ئەمریکای گرتەوە، زیانێکی زۆری بە ماڵەکان گەیاند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس و پچڕانی هێڵەکانی کارەبا.
سێ لەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە لە گەڕەکێکی باکووری شاری ناشڤیڵن، کە پایتەختی ویلایەتەکەیە و بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری رەوەندی کوردی، بە "کوردستانی بچووک" دەناسرێت.
فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فریاگوزاریی ناشڤیڵ ژمارەیەک وێنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردنەوە، کە پێشانیدەدەن درەختەکان بە زەویدا کەوتوون و زیان بە ماڵەکان گەیشتووە.
فەرمانگەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، نووسیویەتی، "بەداخەوە، دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە، کە لە ئەنجامی کەشوهەوای سەخت لە نێسبیت لەین، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە."
گەردەلوول شاری کلارکسڤیڵ-یشی لە باکووری ویلایەتەکە گرتەوە و لەوێش زیانی گیانیی بەدواداهات.
حکومەتی خۆجێیی ناوچەی مۆنتگۆمێری لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دوو کەسی گەورە و منداڵێکن." ئاماژەی بەوەش کرد، "جگە لەوەش 23 کەس لە نەخۆشخانەکە چارەسەریان بۆ کراوە."
حکومەتەکە هەروەها دەڵێت، تیمە فریاگوزارییەکان "لەم کارەساتەدا، هێشتا لە قۆناخی گەڕان و رزگارکردندان،" داوایشی لە دانیشتووان کرد، شوفێری نەکەن.
بەپێی ماڵپەڕی poweroutage.us، نزیکەی 86 هەزار کەس لە ویلایەتەکە رایانگەیاندووە، کارەبایان پچڕاوە.
وێنە هەواڵییەکان دەریدەخەن کە ریزێک لە ماڵەکان بەهۆی بای تووندەوە رووخاون، دارەکان شکاون، ئۆتۆمبێلەکان وەرگەڕاون و تەلەکانی کارەبا پچڕاون.