هێزی دەریایی فەرەنسا دوو درۆن لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە


رووداو - هەولێر

سوپاسالاری فەرەنسا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەیان دوو درۆنیان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدرابوون. 

بە گوێرەی راگەیێندراوی سوپاسالارەکە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، دوو درۆنەکە راستەوخۆ بەرەو کەشتیی جەنگیی لانگدۆنگ رۆیشتوون و ئەوانیش تێکیانشکاندوون. 
 
دوو درۆنەکە لە نزیک شاری حودەیدەوە هەڵدرابوون، دوای ئەوەی کە 110 کیلۆمەتریان لە کەنارەکانی شارەکەوە بڕیوە، لە لایەن هێزی دەریایی فەرەنسا خراونەتە خوارەوە، ئەمە وەک سوپاسالاری فەرەنسا باسی دەکات. 
 
درۆنی یەکەمیان کاژێر 11:30 خوولەکی شەوی شەممە (بەکاتی هەولێر) هەڵدراوە و دوومیشیان کاژێر 01:30ی بەیانیی ئەمڕۆ. 
 
کەشتیی جەنگی لانگدۆنگ لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە لە زەریای هیندی جێگیرکرابوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لەگەڵ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەری ئەمریکی لە دەریای سوور جێگیرکران.
 
پێش ئەو هێرشانە، رۆژی شەممە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان هەڕەشەی کرد کە هەر کەشتیێک بەرەو ئیسرائیل بڕوات، هێرشی دەکەنە سەر، گرنگ نییە سەر بە کام وڵات بێت. 
 
سەریع گوتی: "لە پێناو سەلامەتیی دەریاگەری، هۆشداری بە هەموو کۆمپانیای کەشتییەکان دەدەین کە مامەڵە لەگەڵ بەندەرە ئیسرائیلییەکان نەکەن."
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا، حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن زیادکردووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، حوسییەکان رایانگەیاند کە بە مووشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر شاری ئیلات-ی ئیسرائیل؛ سوپای ئیسرائیل ئەو کات گوتی، مووشەکێکیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتە خوارەوە. هەروەها هێزی دەریایی ئەمریکا گوتی، درۆنێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانەوە هەڵدرابوو. 
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سێ کەشتیی بازرگانیی لە باشووری دەریای سوور کەوتنە بەر هێرشی حوسییەکان. 
 
حوسییەکان رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی دوو کەشتی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبووە، هێرشیان کردووەتە سەریان. دواتر سوپای ئیسرایل رەتیکردەوە ئەو دوو کەشتییە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبێت. 
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئەو کات گوتی، چوار هێرش کراونەتە سەر سێ کەشتیی بازرگانی لە دەریای سوور. ئەو سێ کەشتییە پەیوەندییان بە 14  وڵاتەوە هەبوو.