29یەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی دووشەممە، 11-11 تاوەکو 22-11-2024، کۆنفرانسی کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.
پێشبینیی دەکرێت لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار نوێنەری وڵاتان لەڕێگەی شاندەکانەوە بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکەن.
بەشداریکردن و نەکردن
ئەوانەی بەشداری لە کۆنفراسەکە دەکەن: ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربەیجان؛ مارینا سیلڤا، وەزیری ژینگە لە بەرازیل؛ ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ئاجای بانگا، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی و هەروەها پێدەچێت کێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش ئامادە بێت.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات و رۆژی دووشەممە لە باکۆی پایتەختی ئازەربەیجان دەبێت و پێدەچێت تاوەکو 15ـی مانگ لەوێ بێت.
ئەم ساڵ سەرکردەکانی بەهێزترین ئابوورییەکانی جیهان کە بەرپرسی سەرەکین لە پیسکردنی ژینگە بەشداری ناکەن، وەکو: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ شی جین پینگ، سەرۆکی چین؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان.
سەرنجی کۆپ29
سەرنجی کۆنفرانسە 11 رۆژییەکە لەسەر زەوینەسازییە بۆ پارەدارکردنی ئەو وڵاتەنەی داهاتیان کەمە و لاوازن، لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئابوورییان زەبەلاحە و گازی گەرمکەر و زیانبەخش دەردەدەن.
پێویستە پارەکە لە وڵاتانی داهات بەرزەوە بێت کە وڵاتانی پیشەسازین، چونکە ئەوان بەرپرسیاری سەرەکین لە گۆڕانی کەشوهەوا و بە نزیکەی 77٪ لە گازە گەرمکەرەکان لە لایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە دەدرێتە نێو ژینگە.
هەروەها، پێویستە پارەکە بە شێوەی یارمەتی بێت نەک قەرز، بۆ ئەوەی قەیرانێکی دارایی دوای قەیرانێکی ژینگەیی دروستنەبێت. زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار پێویستە بۆ یارمەتیدانی دەوڵەتانی کەم داهات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سەرەکییەکە.
ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بریتییە لە رێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و رێگریکردن لە گەرمبوونی زیاتری جیهان.
لە ساڵی 2015 رێککەوتنی پاریس بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەر و سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی کرا بۆ ئەوەی سنووری 1.5 تێپەڕ نەکات، ئەگەر چی ئەو پلەیەش ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و زیانگەیاندن بە بژێویی ژیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام ئێستا مەترسیی ئەوە هەیە کە لەم سەدەیەدا جیهان لەسەر رێڕەوی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی 2.6 تاوەکو 3.1 بڕوات.
وڵاتان بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرزبوونەوەی ئەو 1.5 سیلیزییە بپارێزن، پێویستە دەردانی گازی گەرمکەر زۆر کەمبکەنەوە یانیش سفری بکەنەوە؛ ئینجا روو لە وزەی نوێبووەوە وەربگرن لەوانەش پانێڵی هەتاوی و وزەی با. هەروەها، دەست بە کەمکردنەوە و نەهێشتنی بەکارهێنانی وزەی بەردین لەوانەش، نەوت، خەڵووز و گاز.