رووسیا دەڵێ 25 درۆنی ئۆکراینای تێكشکاندووە کە ویستوویانە مۆسکۆ بکەنە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
شارەداری مۆسکۆ دەڵێت، شەوی رابردوو هێرشێکی گەورەی درۆنییان بۆ سەر مۆسکۆ تێکشکاندووە و 25 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
سێرگی سۆبیانین لە پەیامێکدا لە رێگەی تەلەگرامەوە رایگەیاند، "بە گشتی، 25 درۆن تێکشکێنران."
بە گوتەی شارەداری مۆسکۆ، زۆربەی درۆنەکان بەرەو ناوچەکانی رامێنسکۆی و دۆمدێدۆجی باشووری مۆسکۆ ئاراستەکرابوون، کە بوونە هۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکانی دۆمۆدیدڤۆ و ژوکۆڤسکی.
راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە ئەنجامی هێرشەکە دا، ئاگر لە گوندێکی ناوچەی رامێنسکۆی کەوتەوە و ژمارەیەک خانوو سووتان.
هێرشەکە لەکاتێکدایە رووسیا لە شاری سۆچی میوانداریی دیپلۆمات و بەرپرسانی باڵای نزیکەی 50 وڵاتی ئەفریقی دەکات.
دامودەزگەکانی رووسیا بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە تێکشکاندنی درۆنی ئۆکراینی رادەگەیێنن، بەڵام هێرشەکان بە دەگمەن مۆسکۆ دەکەنە ئامانج.
ئۆکراینا دەڵێت، ئەو هێرشانە کە زۆر جار ژێرخانی وزەی رووسیا دەکەنە ئامانج، وەڵامێکن بۆ بۆردوومانی رووسیا بۆ سەر خاکەکەی.