ترەمپ لە ویلایەتی ئەریزۆناش پێشەنگ بوو؛ سەرجەم ویلایەتە خۆڵەمێشییەکانی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ویلایەتی ئەریزۆنا لەبەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ یەکلاییبووەوە، بەمەش دۆناڵد ترەمپ هەر حەوت ویلایەتە خۆڵەمێشییەکەی ئەمریکای بردەوە.
ویلایەتەکە 11 ئەندامی لە کۆمەڵەی هەڵبژاردندا هەیە. واتە لە کۆی 538 ئەندام، ترەمپ دەنگی 312ـیانی مسۆگەرکرد.
کۆمەڵەی هەڵبژاردن لە 16ـی کانوونی یەکەم کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆکی نوێ بە فەرمی هەڵبژێرن.
بردنەوەی کورسیی سەرۆکایەتی، پێویستی بە دەنگی 270 ئەندامی کۆمەڵەکەیە.
ئەریزۆنا یەکێک بوو لە حەوت ویلایەتە خۆڵەمێشییەکە، واتە نە زۆرینە کۆماری و نە زۆرینە دیموکرات بوو.
ترەمپ لە ساڵی 2016ـشدا ویلایەتەکەی بردەوە، بەڵام لە ساڵی 2020 ویلایەتەکە دەنگی بە جۆ بایدن دابوو.
لەو ویلایەتەدا ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی پاراستنی سنوور و بووژاندنەوەی ئابووریی بە خەڵک دا، هۆکاری زیادبوونی هەڵاوسان و کۆچبەرانی نایاسایی بۆ کارەکانی کامالا هاریسی رکابەری گەڕاندەوە.
سەرکەوتنی ترەمپ هیوای دیموکراتەکانی ئەریزۆنای پووکاندەوە، چونکە باڵادەستبوونیان لە ساڵی 2018 بە بردنەوەی کورسیی ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتەکە دەستیپێکرد و لە ساڵانی 2020 و 2022ـش لە دەستیاندا مایەوە.
بایدن دووەم بەربژێری دیموکراتەکان بوو کە لە ماوەی 70 ساڵی رابردوودا ئەریزۆنای بردبێتەوە.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا 100 ئەندامی هەیە. هەر دوو ئەندام، نوێنەرایەتیی ویلایەتێک دەکەن. لەم هەڵبژاردنەدا، 34 کورسیی ئەنجوومەنەکە خرانە کێبڕكێیەوە. یەکێکیان لە ویلایەتی ئەریزۆنا بوو، 87٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و هێشتا یەکلایینەبووەتەوە کام پارت کورسییەکە دەباتەوە، بەڵام بەربژێری دیموکرات بە جیاوازیی 1.5٪ـی دەنگەکان لە پێشەوەیە.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا تەواوی 435 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرانەوە.
لە کۆی 9 ئەندامی ویلایەتی ئەریزۆنا، کۆمارییەکان 4 ئەندام و دیموکراتەکان 2 ئەندامیان بردووەتەوە؛ سێی دیکەیان یەکلایینەبوونەتەوە.