لە پێکدادانی نێوان دوو شەمەندەفەر لە کرواتیا لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو-هەولێر
بەهۆی پێکدادانی نێوان دوو شەمەندەفەر لە کرواتیا لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 10ـی ئەیلوولی 2022، پۆلیسی کرواتیا رایگەیاند کە شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر لەگەڵ شەمەندەفەرێکی دیکەی بارهەڵگر خۆیان بەیەکدا کێشاوە. گوتیشی، پێکدادانەکە شەوی رابردوو کاژێر 9:30 بە کاتی زاگرێب [10:30 بە کاتی هەولێر] لە شارۆچکەی نۆڤسکای باشووری وڵاتەکە روویداوە کە هاوکات نزیکە لە سنووری بۆسنیا.
ئادنرێژ پلێنکۆڤیج، سەرۆکوەزیرانی کرواتیا پشتڕاستیکردەوە کە 11 کەس گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و "برینی بەشێکیان سەختە". گوتیشی کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری پشت رووداوەکە دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، شەمەندەفەرە نەفەرهەڵگرەکە خۆی بە شەمەندەفەرێکی وەستاوی بارهەڵگردا کێشاوە.
پلێنکۆڤیج دەشڵێت کە 13 کەس لە شەمەندەفەرە نەفەرهەڵگرەکەدا هەبوونە، لەکاتێکدا شەمەندەفەرە بارهەڵگرەکە تەنیا شۆفێرەکەی تێدابووە. دەشڵێت، "سەرنشینی بیانیش" لەنێو برینداراندا هەن.
میلان سیمیجیک، دانیشوویەکی ئەو ناوچەیەیە کە رووداوەکە تێیدا روویداوە، دەڵێت: "دەنگێکی تۆقێنەر هات. وەکو تەقینەوەیەک وابوو. هەرگیز شتێکی وام لە ژیاندا هەستپێنەکردبوو".