ئەمریکا بۆ ساڵی 2023 نزیکەی 125 هەزار پەناخواز وەردەگرێت
رووداو-هەولێر
ئیدارەی بایدن لە پلانیدایە بۆ ساڵی دارایی 2023 لانیکەم 125 هەزار پەناخواز لە وڵاتانی ناسەقامگیر وەربگرێت بۆ ئەوەی لە ئەمریکا نیشتەجێیان بکات.
رۆژی هەینی 9ـی ئەیلوولی 2022، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کاریان لەسەر بەرزکردنەوەی ژمارەی نیشتەجێکردنی ئەو هاووڵاتییانە کردووە کە لەو وڵاتانە دەژین ناسەقامگیرن، لەنێویدا سووریا، وڵاتانی ئەمریکای باشوور و ئۆکراینا و بۆرما. گوتیشی، پاڵپشتیی سەرەتایی نیشتەجێکردنیان بۆ سەروو 80 هەزار ئەفغانستانی لە ئەمریکا دابینکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆ و وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە راپۆرتی جۆ بایدنیان بۆ کۆنگرێس لەبارەی وەرگرتنی پەناخوازانەوە بۆ ساڵی 2023 داوەتە لیژنەکانی داد لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "راپۆرتی سەرۆک بۆ کۆنگرێس" پێشنیازی ئەوە دەکات بۆ ساڵی دارایی 2023 لانیکەم 125 هەزار پەناخواز وەربگرن، ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو قەیرانە مرۆییەی لە سەرتاسەری جیهان هەیە، لەنێویدا بۆ یارمەتیدانی بەشێک لەو 100 ملیۆن کەسەی ئاوارەن.
وەزارەتەکە دەشڵێت، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هەردوو وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆ و وەزارەتی تەندروستی لەوبارەیەوە لەگەڵ کۆنگرێس قسە دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت، لە مانگی تشرینی یەکەمدا پڕۆژەیاساکە لە لایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆی لەسەربکرێت و ببێتە بڕیار.
ئەوە لەکاتێکدایە بۆ ساڵی دارایی 2022، ئیدارەی بایدن بڕیاریدابوو 125 هەزار پەناخواز وەربگرێت، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئیدارەکە لە 11 مانگی ئەو ساڵەدا، تەنیا 20 هەزار پەناخوازی وەرگرتووە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وڵاتەکە بۆ ساڵی دارایی 2023 لە پلانیدایە 40 هەزار پەناخوازی ئەفریقی، 35 هەزار پەناخوازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا، 15 هەزار پەناخوازی ئەوروپا و ئاسیای نێوەڕاست وەربگرێت.
ساڵی دارایی ئەمریکا لە 1ـی مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات و لە 30ـی ئەیلوول کۆتایی دێت. ئەوەش واتای ئەوەیە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە ئیدارەی بایدن دەست دەکات بە وەرگرتنی ئەو پەناخوازانە؛ پرۆسەیەک بۆ ماوەی 12 مانگ بەردەوام دەبێت.