ئەمریکا لەسەر موسڵمانانی چین دێتەدەنگ؛ هاوردەکردنی دوو بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کاری زۆرەمەلێ بە موسڵمانان لە هەرێمی شینجیانگ لە چین، ئەمریکا هاوردەکردنی تەماتە و پەمۆ لەو هەرێمە قەدەخەدەکات و بڕیاریشە چەند بەرهەمێکی دیکەش قەدەخەبکات.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی دەرکەوتووە کاری زۆرەملێ بە کرێکارەکان دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لە هەرێمی شینگجیانگی رۆژئاوای چین، بۆیە بڕیاردرا هاوردەکردنی تەماتە و پەمۆ لەو هەرێمە رابگرێت و پێنج بەرهەمی دیکەش قەدەخە دەکات.
بەرپرسانی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، سووکایەتیی بە کرێکارانی هەرێمی شینجیانگ کراوە و بەشێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵەیان پێوەکراوە.
هەرێمی شینجیانگ زۆربەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن و بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چەندین راپۆرتی لەبارەی رەوشی موسڵمانانی چین بڵاوکردووەتەوە، حکومەتی چین زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی لە کەمپەکان گلداوەتەوە و بە زۆرەملێ کاریان پێدەکات.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیش فشارەکانی لەسەر چین لەو بارەیەوە زیادکردووە و رەخنە لە بەرپرسانی چین دەگرێت.
چین هەموو ئەو راپۆرتانەی باس لە رەوشی خراپی موسڵمانانی وڵاتەکەی دەکەن رەتدەکاتەوە و چەندینجار داوایشی لە ئەمریکا کردووە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی نەکات. بۆیە پێدەچێت ئەو کارەی ئەمریکا بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هەندێ بەرهەمی کشتوکاڵی چین گرژییەکانی نێوان خاوەنی دوو گەورەترین ئابووریی جیهان زیاتر بکات.