زانایان لە مۆنتینێگرۆ سەرژمێری بۆ جۆرە باڵندەیەکی دەگمەن دەکەن بۆئەوەی لە لەنێوچوون بیپارێزن
رووداو دیجیتاڵ
زانایان دەیانەوێت باشتر لە ژیانی باڵندەکان تێبگەن، بۆئەوەی بتوانن لە قڕبوون و لەنێوچوون بیانپارێزن و ژمارەکەیان زیاد ببێتەوە. ساڵانە، لە سەرانسەری وڵاتانی بەلقان، تیمی ژینگەپارێزان، زانایان و خۆبەخشان سەرژمێری بۆ باڵندەیەک دەکەن کە بە "پەلیکان" ناسراوە و دەگمەنە. نیشتمانە بنەڕەتییەکەی ناوچەی دەلماسییە لە کرواتیا، بۆیە بە "پەلیکانی دەلماسی" دەناسرێن.
پەلیکان دەنووکە درێژە توورەگەدارەکەی بۆ ماسیگرتن بەکاردەهێنێت؛ هاوشێوەی لەقلەقەکان ملیان درێژە، بەڵام قاچیان کورتە و ژمارەیەک هەڕەشەیان لەسەرە.
بۆیان زێکۆڤیچ، سەرۆکی بەرنامەی پاراستنی باڵندەکان لە مۆنتینێگرۆ دەڵێت، "دەزانین ئەمانە لەو باڵندانەن کە بە کۆمەڵ هێلانە دروستدەکەن و بە مەبەستی زاوزێکردن کۆدەبنەوە، بەڵام بە نائارامیی دەرەوە زۆر هەستیارن."
بەگوێرەی سەرژمێرییەکی ساڵی 2023، لە سەرانسەری جیهان نزیکەی 20 هەزار پەلیکانی دەلماسی ماونەتەوە؛ بەڵام رەنجی 10 ساڵی رابردووی زانایان بۆ پاراستنیان بەفیڕۆ نەچووە.
سەرۆکی بەرنامەی پاراستنی باڵندەکان لە مۆنتینێگرۆ ئاماژە بەوە دەکات، "زیادبوونی ژمارەیان بە روونی دیارە؛ بەڵام ئەو هۆکارانەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەریان، بە تەواوی لەنێونەبراون، پێویستە زۆر کاری دیکە بکرێت بۆئەوەی بە تەواوی بپارێزرێن."
دەریاچەی سازگاری سکادار لە ساڵی 1983وە کراوەتە پارکێکی نیشتمانیی پارێزراو؛ ئێستا بووەتە بەهەشتێکی ئارام بۆ زۆربوونی ئەو باڵندانە.
ئانا ئوسکۆکۆڤیچ، باڵندەناس دەڵێت، "کارمەندانی پارکی نیشتمانی، نەک تەنیا لەگەڵ بەرنامەی پاراستنی باڵندەکان، بەڵکو لە نزیکەوە لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی دیکەی ناحکومی و دانیشتووانی نێوخۆ کار دەکەن."
پاسەوانی ژینگە و خۆبەخشەکان رۆڵێکی گەورە لە دابینکردنی ئارامیدا بۆ نشینگەی پەلیکانەکان دەگێڕن؛ زانایان هیوایان وایە بەم سەرژمێریەی دەیکەن، باشتر لەم باڵندانە تێبگەن و بتوانن لە قڕبوون بیانپارێزن.