لە کۆتدیڤوار بەپێی خۆرئاوابوون بەربانگ دەکرێتەوە

رووداو - هەولێر

لە ئەبیدجانی پایتەختی کۆتدیڤوار وەک نەریتێکی 30 ساڵە موسوڵمانان ئێوارانی رەمەزان پێکەوە لە مزگەوتێکی مێژوویی ئەو شارە کۆدەبنەوە و رۆژووەکانیان دەشکێنن. بۆ ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوەش، رۆژانە شەش بۆ حەوت خانەوادەی ناوچەکە بۆ ئامادەکردن و هێنانی خواردن رادەسپێردرێن. 

مزگەوتە مێژووییەکە ناوی سووری یۆپۆگنە، رۆژانە خەڵکێکی بەرچاوی رووی تێدەکەن و کاتەکانیان بە نوێژ کردن و قورئان خوێندن لەو مزگەوتە بەسەردەبەن.

لەو شارە، بەپێی کات رۆژووەکانیان ناشکێنن، بەڵکو هەر کاتێک خۆر ئاوابوو، بانگبێژ بانگ دەدات و رۆژووەوانیش رۆژووەکانیان دەشکێنن .
 
سەید کۆنات، مامۆستای ئایینی مزگەوتی سووری یۆپۆگن دەڵێت "لە کاتی خۆرئاوابوون رۆژووەکانمان دەشکێنین، کاتێکی دیاریکراومان نییە، چونکە ئەوە پەیوەستە بە هەڵکەوتەی جوگرافی شوێنەکان. ئێمە داوا لە خەڵک دەکەین لەگەڵ خۆرئاوابوون رێک رۆژووەکانیان بشکێنن".

بۆ نزیکەی 30 ساڵە، وەک نەریتێک خەڵکی ئەبیدجانی ئێوارانی رەمەزان پێکەوە کۆدەبنەوە و لە مزگەوتی سووری یۆپۆگن رۆژووەکانیان دەشکێنن.

ساڵ دوای ساڵ، ژمارەی بەشداران لە ئێوارەخوانەکانی رەمەزانی ئەو شارە زیاتر دەبێت. بۆ ئامادەکردنی خواردن و خواردنەوەش، رۆژانە شەش بۆ حەوت خانەوادەی ناوچەکە بۆ ئامادەکردن و هێنانی خواردن رادەسپێردرێن.

شریف لامین، سەرۆکی کۆمەڵگەی موسڵمانی یۆپۆگن دەڵێت "لە ساڵی 1983ەوە ساڵانە ئێمە لە مزگەوتی کۆن رۆژووەکانمان دەشکێنین، سێ خانەوادە هەڵدەبژێردرێن، یەکێکیان میوە، یەکێکی دیکەیان خواردن و ئەوەی دیکەشیان شیرینی دەهێنێت. بەم شێوەیە دەستیپێکردووە، بە تێپەڕبوونی کاتیش خەڵکێکی زیاتر هاتوون و بەشداریان کردووە. بۆیەش ئێستا رۆژانە شەش بۆ حەوت خانەوادە هەڵدەبژێردرێن کە خواردن بهێنن".

داڕشتنەوە: حەکیم داود