سەرۆکی ئۆکراینا: لە هەموو بەرەکانەوە شەڕی سەخت دەستیپێکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی رووسیا هێرشێکی زەوینیی بەرفراوانی بەشێوەیەکی کتوپڕ بۆ سەر خارکیڤی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەستپێکرد. سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، بە درێژایی بەرەکان "شەڕێکی سەخت دەکرێت." ئەمریکاش هۆشداری لەبارەی هێرشەکەوە دەدات و دەڵێت، دەکرێت لەم چەند هەفتەیەدا رووسیا پێشڕەویی زیاتر بکات، بەڵام "هیچ وەرچەرخانێکی گەورە" لە جەنگەکەدا دروست نابێت.
 
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی، لە هەموو بەرەکان، "شەڕی سەخت هەیە." زیلینسکی هەروەها بەڵێنی "تێکشکاندنی" هێرشەکەی دا.
 
رووسیا لە هێرشە نوێیەکەیدا توانی رووبەرێکی سنووری بچووک کۆنترۆڵ بکاتەوە کە ساڵی 2022 لێی کشابووەوە.
 
ئۆکراینا دەستیکردووە بە ناردنی هێزی پشتیوانی بۆ هەرێمی خارکیڤ و بە درۆن و تۆپباران وەڵامی پێشڕەوییەکەی رووسیا دەداتەوە.
 
زیلینسکی گوتی، ئۆکراینا بە هێزەوە وەڵامی هێرشەکەی رووسیا دەداتەوە، هەروەها داوای لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کرد، یارمەتیی سەربازیی زیاتر بۆ کیێڤ بنێرن.
 
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا زیلینسکی گوتی، "بە درێژایی سنووری وڵات و بە درێژایی بەرەکان، داگیرکار بە جۆرێک تێکدەشكێنین کە هەموو نیازێکی رووسیا بۆ هێرشبردن لەبارببەین. گرنگە کە هاوبەشان پشتیوانی لە سەربازانمان بکەن."
 
هەر لە رۆژی هەینی جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "رێی تێدەچێت رووسیا لە چەند هەفتەی داهاتوودا پێشڕەویی زیاتر بکات، بەڵام پێشبینی هیچ وەرچەرخانێکی گەورە ناکەین. هەروەها بە تێپەڕبوونی کات، لێشاوی یارمەتیی ئەمریکا توانا بە ئۆکراینا دەدات کە بە درێژایی ساڵی 2014، بەرگەی ئەو هێرشانە بگرێت."
 
کێربی گوتیشی، "رەنگە رووسیا زەبروزەنگی شەڕ زیاد بکات و سەربازی زیاتر جێگیر بکات بۆئەوەی ناوچەیەکی دابڕێنەر بە درێژایی سنووری ئۆکراینا دروستبکات."
 
هەروەها گوتەبێژەکە رایگەیاند، "بڕوامان بە هێزەکانی ئۆکراینا هەیە و 24 کاژێر کار دەکەین تاوەکو ئەو کەرەستە، ئامراز و چەکانەیان پێ بدەین کە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان پێویستیان پێیەیتی."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هەر لە رۆژی هەینی، بڕیاریدابوو بایی 400 ملیۆن دۆلاری دیکە چەک بۆ ئۆکراینا بنێرێت.