گفتوگۆکانی تورکیا لەگەڵ سوێد و فینلەند دەستیانپێکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و سوێد و فینلەند لەسەر ئەندامێتیی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ دەستیانپێکردووەتەوە. یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا بۆ ئەندامێتیی ئەو دوو وڵاتە رادەستکردنەوەی چەند کوردێکە. سوێد دەڵێت، یاسای نوێیان دەرکردووە و چارەسەر دەبێت، تورکیا هێشتا رازی نییە و چاوەڕوانیی زیاتری هەیە. 
 
هەفتەی رابردوو نوێنەرانی سوێد و فینلەند و تورکیا میوانی یان ستۆلتنبێرگ، سکرتێری ناتۆ بوون. لە مانگی 11ـی ساڵی رابردووەوە ئەمە بۆ یەکەمجارە شاندی ئەو سێ وڵاتە سەبارەت بە ئەندامێتیی سوێد و فینلەند لە ناتۆدا کۆدەبنەوە. 
 
تورکیا مەرجی هەیە بۆ رازیبوون بە ئەندامێتیی ئەو دوو وڵاتە. یەکێک لە مەرجەکانیش رادەستکردنی ژمارەیەک کەسە کە لە سوێد دەژین و تورکیا تۆمەتباری کردوون بە "تیرۆریزم". بەشێک لەوانەی کە تورکیا تۆمەتباری کردوون و داوایان دەکاتەوە، خەڵکی باکووری کوردستانن و کوردی دیاسپۆرانشینن. 
 
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی ئەم هەفتەیەدا دەردەکەوێت کە سوێد پێداگیریی کردووە لەسەر ئەوەی کە یاسای نوێی ئامادەکردووە و بەو هۆیەوە ئەو کێشەیە بە دڵی تورکیا چارەسەر دەکات، بەڵام تورکیا بەوە رازی نییە و چاوەڕوانی هەنگاوی خێراترە لە سوێد. 
 
لە مانگی شەشی ئەمساڵدا لووتکەی ناتۆ دەبەسترێت و بڕیارە تاوەکو ئەوکاتە بابەتی ئەندامبوونی سوێد و فینلەند تەواو ببێت، بەڵام بە هەڵوێستەکانی تورکیاوە دیارە کە یان تەنیا فینلەند تاوەکو ئەوکاتە دەبێتە ئەندامی ناتۆ یانیش لووتکەکە دوادەخرێت.
 
جگە لە تورکیا؛ هەریەکە لە سوێد و فینلەند پێویستیان بە رەزامەندیی هەنگاریاش هەیە بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ.