پشکنەری گشتیی حکومەتی ئەمریکا: راهێنانکردن و راوێژدان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتی وەرزیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا لەبارەی عێراق و سووریا کە بە راپۆرتی پشکنەری گشتی ناسراوە، تیشک دەخاتە سەر چەند بوارێک لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا. راپۆرتەکە باس لە دوایین سێ مانگی ساڵی رابردوو دەکات.
هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە 1ـی ئۆکتۆبەر بۆ 31ـی دیسێمبەری 2023، لانیکەم 134 جار هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو هێرشانە پەیوەندیان بە شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە هەبووە، کە لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد. گرووپە چەکدارەکان لە رێگەی درۆن، مووشەک و رۆکێتەوە لانیکەم رۆژانە هێرشیان کردووەتەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. لە بەرامبەردا هێزەکانی ئەمریکا چەند جارێک وەڵامی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەیان لە سووریا و عێراق داوەتەوە و هۆشداری ئەوەشیان داوە کە ئەمریکا دوودڵ نابێت لە وەڵامدانەوەی ئەو گرووپانە ئەگەر لە هێرشەکانیان بەردەوام بن."
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەندێک رێکاری دیکەشی گرتووەتەبەر، لەوانەش ناردنی چەک و سیستمی دژەمووشەکی زیاتر بۆ عێراق و سووریا.
هەڕەشەکانی داعش بەردەوامن
لە راپۆرتی پشکنەری گشتیی حکومەتی ئەمریکادا هاتووە، "داعش، لە هێرشەکانی لە عێراق و سووریا بەردەوامە و خەڵکی سڤیل، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سووریا کە هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانن، دەکاتە ئامانج، بەڵام توانای ئەوەی نییە هێرشی فراوان ئەنجامبدات."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، داعش توانیویەتی سوودی لێ وەربگرێت و لەو ناوچانەدا هێرش بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "داعش لە سووریا لە ناوچە بیابانەکان، ئەو ناوچانەی کە زیاتر لەژێر هەژموونی حکومەتی سووریا و سوپای رووسیادان، هێرشەکانی دەکات؛ هەروەها هێرشەکانی داعش بۆ سەر خاڵەکانی پشکنینی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیاتر بوون، بەتایبەتی لە دێرەزوور و حەسەکە، ئەوەش لەکاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات هێشتا سەرنجی لەسەر گرژییەکانیەتی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا."
ئاستەنگەکانی بەردەم هەسەدە
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، "هێزەکانی سووریای دیموکرات لە یەک کاتدا رووبەڕووی هۆزە عەرەبەکان، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و بۆردوومانەکانی تورکیاش بوونەتەوە. لە دێرەزوور، هێزەکانی سووریای دیموکرات رووبەڕووی هێرش و شەڕیان لەگەڵ ئەو هۆزە عەرەبانە بوونەتەوە کە لەلایەن حکومەتی سووریا و ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن؛ لە باکوور، رووبەرووی بۆردوومانەکانی تورکیا بوونەتەوە، ئەوەش واتە بەرەنگاربوونەوەی دوو هەڕەشەی جیاواز لەهەمان کاتدا.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، "هەرچەندە هەسەدە هێشتا هاوبەشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لەشەڕی دژی داعش، بەڵام لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە ئۆپەراسیۆن و مەشقەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان راگرتووە، بەڵام هێشتا مەشقی پاسەوانەکانی هەسەدە کە پاسەوانی زیندانەکانی داعش و کەمپەکان دەکەن بەردەوامە، هەرچەندە ئەوانیش لەو مەشقانە دواکەوتوون."
راوێژپێدان بە هێزە عێراقییەکان سنووردارکراوە
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە باس لە کاریگەری هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆسەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکات و دەڵێت، "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی هێزەکانی ئەمریکا بەهۆی هەڕەشە و هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئاستی راوێژپێدانی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق سنووردارکردووە، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ چەند لایەنێکی گرنگی عێراقی یان دواخستووە یانیش هەڵوەشاندووەتەوە، ئاستی بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانیش کەمکراونەتەوە و گۆڕانکاریش لە جۆری پشتیوانی راوێژکاری هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی عێراقی کراوە".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، کە حکومەتەکەی دەیەوێت جۆری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رێکبخاتەوە."
کاریگەرییەکانی تورکیا، رووسیا و سووریا
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە لەبارەی کاریگەرییەکانی هەندێک لە هەنگاوەکانی حکومەتەکانی تورکیا، رووسیا و سووریایە لەسەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "هێرش و کردە سەربازییەکانی تورکیا، حکومەتی سووریا و سوپای رووسیا کاریگەرییان لەسەر ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەبووە. تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکانی لە باکووری عێراق و باکووری سووریا."
راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2023دا و دەڵێت، "تورکیا چەندین کەس و چەند ژێرخانێکی گرنگی مەدەنی کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا پڕۆژەی ئاو، وێستگەکانی کارەبا، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە سووریا. لە مانگی ئۆکتۆبەردا هێزەکانی ئەمریکا درۆنێکی تورکیایان لە سووریا خستەخوارەوە کە کەمتر لە نیو کیلۆمەتر لە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا نزیکبووەوە، ئەوەش وایکرد کە ئەمریکا لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ تورکیا پەیوەندی بکات تاوەکو پەیوەندی باشتر و هاوئاهەنگی باشتر لەوبارەوە دروستبێت."
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "هەروەها سوپای رووسیا بەردەوامە لە پێشێلکردنی پڕۆتۆکۆڵەکانی دووربوون لە بەریەککەوتن، ئەوەش وایکردووە مەترسی لەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان دروستبکەن، بەتایبەتی لە ئاسمانی بنکەی سەربازیی تەنەف".
گەڕانەوەی ژن و منداڵی چەکدارانی داعش
بەپێی راپۆرتەکە "ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی پڕۆگرامەکانی سەقامگیری و هاوکارییە مرۆییەکان لە سووریا و عێراق؛ هەبوونی ئابوورییەکی لاواز و کەمیی خزمەتگوزاری بووەتە ئاستەنگێکی بەردەوام؛ چارەسەرنەکردنی قەیرانی ئاویش بووتە هەڕەشە لەسەر سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق. هەروەها زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان وایکردووە حکومەتی ئەمریکا ستافی ناپێویستی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێر بباتە دەرەوە".
پەیوەندیدار بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و سووریا، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "لە سووریاش، ئاستەنگەکانی ئابووری، وشکەساڵی، زیانەکانی قۆناخی دوای بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و شەڕ و گرژییەکان بوونەتە ئاستەنگ بۆسەر پێویستییە مرۆییەکان. هاوکات، ئەمریکا بەردەوامە لە داواکردن لە وڵاتان تاوەکو چەکدار و ئەندامانی داعش بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان کە لە سووریا دەستبەسەرن و لەو ماوەیەدا 1690 کەس گەڕێندراونەتەوە وڵاتانی خۆیان و ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەمپەکانی هۆل و رۆژن کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی 47 هەزار کەس."
خەرجی و هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "لە ساڵانی 2022 و 2023دا کۆنگرێسی ئەمریکا 12.5 ملیاری لە رێگەی وەزارەتی بەرگری بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دابینکردووە. بۆ ساڵی 2024یش، داوای 6.2 ملیار دۆلار کراوە، بەڵام هێشتا کۆنگرێس ماوە ئەو بڕە پارەیە پەسند بکات.
بەشێک لەو پارەیەی بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دابیندەکرێت، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هێزانەیە کە هاوبەشی ئەمریکا دەکەن لە شەڕی دژی داعش."
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، "لەو 475 ملیۆن دۆلارە هاوکارییەی لە بودجەی ساڵی 2023 دابینکرابوو، 315 ملیۆنی بۆ هێزە عێراقییەکان تەرخانکرا و 160 ملیۆنیش بۆ سووریا". هاوکارییەکانیش لەو سێ مانگەدا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هەسەدە و هێزە عێراقییەکان بەم جۆرەیەی خوارەوە بووە:
عێراق و هەرێمی کوردستان 47.7 ملیۆن دۆلاریان بۆ دابینکراوە:
30 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە
حەوت ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری دابینکردنی کەرەستە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمریکا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێکردەوە
بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی ئەمریکا لە ئەیلوولی 2022 پێداچوونەوەی بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا کرد و نوێیکردەوە بەپێی راپۆرتەکە ئەم لێکتێگەیشتنە مولزەمی نییە بۆ ئەمریکا (واتە پابەندییەک نییە بۆ ئەمریکا) وەک چوارچێوەیەکی کاری نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەیە و، هانی وەزارەتی پێشمەرگە دەدات بۆ بەردەوامبوون لە چاکسازی. ئەو یاداشتە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت. (واتە تاوەکو 2026 نوێکراوەتەوە) و پەیوەستە بە دابینکردنی ئەو هاوکارییانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە رێگەی کۆنگرێسەوە دابینی دەکات.
هێزە کوردییەکان هەنگاویان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ناوە
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، گواستنەوەی هێزەکانی سەر بە پارتە سیاسییەکانە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، واتە گواستنەوەی هێزەکانی حەفتای سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزەکانی هەشتای سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە "زۆربەی ئەو یەکانەش کە گواستراونەتەوە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بە فیرقەی پاسەوانیی هەرێمی دەناسرێن."
لەو سێ مانگەدا، وەک لە راپۆرتەکەی پشکنەری گشتیی حکومەتی ئەمریکادا هاتووە هێزە کوردییەکان پلانیان پێشکێشکردووە بۆ گواستنەوەی چەند یەکەیەکی حیزبی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها زانیاریی 229 پێشمەرگەی ئەو هێزە سیاسیانەش لە مانگی دیسێمبەر کراوە بە ئەلیکترۆنی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ سەرکەوتنی گواستنەوەی ئەو یەکانە، پێویستی بە خواستێکی سیاسییە بۆ پەسەندکردنیان و جێبەجێکردنیان. پلانی گواستنەوەی ئەو هێزانەش بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەنگاوێکە لە چاکسازیی ئاسایش کە پێشتر هاوپەیمانان رایانگەیاندبوو ئەو پرۆسەیە بەهۆی ناکۆکی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی خاوببووەوە.
وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە 27ـی نۆڤێمبەر گەڕایەوە سەر کارەکەی، ئەمەش لەدوای زیاتر لە یەکساڵ بەجێهشتنی ئەرکەکەی وەک وەزیر بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئەمە وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە هەروەها تێیدا باسی ئەوە کراوە "لەو ماوەیەشدا، هەنگاوی کەم نراون بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە پارتی و یەکێتی. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێیوایە بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە، دەبێت هاوکارێکی گرنگبێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی، هەنگاوی داهاتووی ئەو چاکسازییەش هەبوونی یەک هەژماری تایبەتە بە هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە ئەویش لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت، بەپێی ئەو هەنگاوەش، ئەو یەکانەی گوازراونەتەوە، هێشتا پشت بە پارتە سیاسییەکانی خۆیان دەبەستن."