هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا تاوەکو کەی لە عێراق دەمێننەوە؟

رووداو - واشنتن

حکومەتی عێراق نیازی هەیە داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانان بکات بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانیان لە عێراق، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ داوایەکی پێشکێش بەو لایەنانە نەکردووە، هیچ پلانێکیش بۆ چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە لە عێراق نییە. 
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رووداو لە گوتەبێژی پێنتاگۆنی پرسی هێزەکانیان تاوەکو کەی لە عێراق دەمێننەوە؟ چوونە دەرەوەیان پەیوەندی بە هەڕەشەکانی داعشەوە هەیە یان داواکاری حکومەتی عێراقە؟ پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، ''ئێوەدەزانن، ئێمە لە عێراقین  لەسەر بانگهێشتنامەی حکومەتی عێراق، ئێوەش ئاماژەتان پێدا، ئێمە بە تەواوەتی سەرنجمان لەسەر ئامانجی تێکشکاندنی داعشە. ئێمە لە گفتوگۆ و راوێژی بەردەوامدا دەبین لەگەڵ حکومەتی عێراق، لە کاتێکدا دێتە سەر پرسی ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بە تایبەتیش پرسی ئاساییش و سەلامەتی ئەو هێزانە. بۆیەش ئێمە لە پەیوەندی و هاوئاهەنگی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەرەسەندنەکانی ئەم ئامانجە، ئەمەش بەجۆرێک کە بتوانین پارێزگاری لەو دەسکەوتانە بکەین کە لەدژی داعش بەدەستهاتوون و رێگەنەدەین جارێکی دیکە بگەڕێنەوە، بۆیە من باس لە خەمڵاندنەکان یان گفتوگۆ نێوخۆییەکانی نێو حکومەتی عێراق ناکەم، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە راوێژەکانمان لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین.'' 
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پەیوەندی بە هەڕەشەکانی داعش و ترس لە گەڕانەوەی داعشە، بەڵام کاتێک حکومەتی عێراق داوابکات هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، بۆ ئەمریکاش ئاسان نابێت لەو وڵاتەدا بمێننەوە، بۆیە هەر جارێک ئەو پرسیارە رووبەرووی بەرپرسانی ئەمریکا دەکرێتەوە، تەنیا ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە ئەوان لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش لەو وڵاتەن و هیچ لایەنێکیش نایەوێت داعش دووبارە بگەڕێتەوە.
 
هەروەها گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن گوتیشی، ''ئەمە پرسیارێکە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە وەڵامی بدەنەوە، ئێمە لەسەر بانگێشتی حکومەتی عێراق لەوێین بۆ راوێژپێدان و هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان، خۆشت دەزانی ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆرە چاودێری ئەم دۆخە دەکەین، هێزە ئەمنییەکانی عێراقی بەتایبەتیش هێزەکانی دژە تیرۆر هێزی زۆر کاریگەربوونە، مەبەستمە بەڕاستی کاریگەربوونە، بۆیە دەیڵێمەوە وەک هەرشێوێنێکی دیکە هێزەکانی ئێمە لەو شوێنە دەبن لەسەر داواکاری ئەو وڵاتە خۆی، پێشم وایە هەموومان، ئەمریکا و عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش باشترین بەرژەوەندیان لەوەدایە کە رێگری لە دووبارە دەرکەوتنەوەی داعش بکەن، لەکۆتاییشدا، ئێمە لەوێ دەمێنینەوە لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق.''
 
ئێستا زیاتر لە هەرکاتێک پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە نێو پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لیژنەیەکی سەر بە حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە و خودی داواکاریی عێراقییەکان کۆببنەوە، بەڵام روون نییە لەو کۆبوونەوەیەدا چ بڕیارێک لەبارەی مانەوە یاخود چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەدرێت.