کوردێک لە بەریتانیا بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزادرا

 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک بەناوی ئامانج حەسەنزادە سزای 17 ساڵ زیندانیکردنی لە بەریتانیا بۆ دەرکرا، ئەوەش لەسەر ئەوەی کۆچبەری بە نایاسایی بە بەلەمی بچووک بە نۆکەندی ئینگلیزدا گەیاندووەتە بەریتانیا.
 
ئامانج لە شاری پرێتسنی بەریتانیا دەژیا و جاروبار دەهاتە هەرێمی کوردستان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنە و ڤیدیۆی کۆچبەرانی بڵاودەکردەوە، کە لەنێو دەریادا سوپاسی دەکەن.
 
ئامانج، کە بە ئامانج زەمان-یش ناسراوە، ژمارەیەک ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە کە دەردەکەوێت لە هەرێمی کوردستان لەنێو دانیشتنی بەندبێژەکاندایە و دەمانچە دەردەهێنێت و تەقە بە ئاسماندا دەکات.
 
ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا لەکاتی لێکۆڵینەوە لە سێ رووداوی گواستنەوەی کۆچبەرانی کورد لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا لە چارەکی کۆتایی پار، سەرەداوی ئامانجی دەستکەوت.
 
کۆچبەرە کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ئەورووپاوە چووبوون بۆ ئەڵمانیا، بەلجیکا و دواتر فەرەنسا بۆ ئەوەی بگەنە بەریتانیا.
 
ئاژانسەکە پێیوایە ئامانج دەستی لە گواستنەوەی کۆچبەرانی دیکەشدا هەبووە.
 
ئامانج کە تەمەنی 34 ساڵە، تۆمەتی ئاسانکاریکردن بۆ بەقاچاخبردنی سێ کۆمەڵە کۆچبەری بەسەردا ساخبووەتەوە. دوای دادگاییکردنی لە دادگەی شاهانەی پرێستن، سزاکەی بۆ دەرکرا.
 
لە یەکێک لە دانیشتنەکانی بەندبێژەکاندا، بەندبێژەکە ئامانج بە "باشترین قاچاخچی" ناودەبات و بەندی بەسەردا هەڵدەدات و دەڵێت، "لە خزمەتی ئامانجدام و ئەمڕۆ خزمەتی دەکەم. یەکەمین قاچاخچییە." ئامانجیش پێدەکەنێت و لەگەڵیان دەڵێتەوە.
 
بەندبێژەکە دەڵێت، "هەموو قاچاخچییەکان لێی فێربوون. ئامانج یەکەمینە." ئامانج پارەیان بۆ فڕێدەدات و دواتر دەمانچەکەی دەردەهێنێت و تەقە بە ئاسماندا دەکات.
 
ئامانج لە ئایاری ئەم ساڵدا لە پرێستن دەستگیر کرا، ئەوەش دوای ئەوەی کە تۆمارێکی دەنگیی ئەو و ژمارەیەک قاچاخچیی دیکە کەوتە دەستی پۆلیس، کە تێیدا باس لە کۆچبەران و شوێنی پەڕینەوەیان دەکەن.
 
ڤیدیۆی ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا نیشانی دەدات کە پۆلیس خۆی بەنێو ماڵێکدا دەکات و هەردوو قۆڵی ئامانج دەگرن.
 
کاتێک تەلەفۆنەکەی پشکنراوە، دەرکەوتووە ژمارەیەک هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ریکلامکردن بۆ کارە نایاساییەکەی بەکارهێناون.
 
مارتن کلارک، بەرپرسێکی ئاژانسەکە دەڵێت، "ئامانج تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخچییەکانی هەبووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ریکلامکردن بەکارهێناوە."
 
بەرپرسەر ئەمنییە بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ ئامانج، گرنگترین شت پارە بووە، هیچ بەلایەوە گرنگ نەبووە ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە تەنیا بۆ ئەوەی پارە وەربگرێت."