کەسێکی بە رەچەڵەک لوبنانی و سووریایی بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەڵبژاردنی رۆژی سێشەممەی ئەمریکادا، کە تێیدا جگە لە سەرۆکی ئەمریکا، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و حاکمی 11 ویلایەت هەڵبژێردران، بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کەسێکی بە رەچەڵەک سووریایی و لوبنانی توانی سەربکەوێت و بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە.
 
ئەبراهام حەمادە، کوڕی باوکێکی لوبنانی و دایکێکی سووریاییە و لەسەر پارتی کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئەریزۆنا توانی کورسییەکی ئەنجوومەنی نوێنەران بباتەوە.
 
ویلایەتی ئەریزۆنا 9 ئەندامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا هەیە و هەریەکە لە نوێنەرەکان نوێنەرایەتیی بەشێکی ویلایەتەکە دەکەن. حەمادە بە نوێنەری ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای شاری فینیکسی ناوەندی ویلایەتەکە هەڵبژێردراوە.
 
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا حەمادە رایگەیاند، "جووەکان هاوپەیمانێکی گەورەتر لە منیان نییە."
 
ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە پاڵپشتی لێدەکرێت.
 
حەمادە ساڵی رابردوو خۆی بۆ پۆستی داواکاری گشتیی ئەریزۆنا بەربژێر کرد و توانی نزیکەی 1.3 ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام کریس مایس، رکابەرە دیموکراتەکەی بە کەمتر لە 300 دەنگ توانی ببێتە داواکاری گشتی.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، حەمادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پاڵپشتی لە دامەزراندنی فیدراڵی لە سووریا کرد و گوتی، "پێموایە جەستەم پیشاندانێکی فیدراڵیزمی سووریایە؛ 50%م دروزە، 25%م کوردە و 25%یشم شامییە."
 
لە پۆستێکی دیکە کە لە ساڵی 2012 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کردوویەتی دەڵێت، "خێزانەکەم دەڵێن، ئێمە دەگەڕێینەوە سەر سەڵاحەدین [سەڵاحەدینی ئەیووبی]. من چارەگێکم کوردە."
 
ئەمەش لەسەر حەمادە بزانە
 
حەمادە لە 1991 لە شیکاگۆ لەدایکبووە، بچووکترین منداڵی دایک و باوکییەتی.
 
ئەو هاووڵاتییە لە خێزانێک گەورە بووە کە هەردوو باوەڕداری موسڵمان و دروزی تێدا بووە. 
 
حەمادە لە تەمەنی گەنجیدا چەندینجار سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە و دواتر وەک ئەفسەری هەواڵگری چووەتە نێو ریزی سوپای ئەمریکا. 
 
حەمادە خۆی وەکو پاڵپشتیکاری ترەمپ دەناسێنێت و پشتگیری لە سیاسەتێکی تووندتر بەرامبەر بە کۆچبەران دەکات و دژی لەباربردنی منداڵە. 
 
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لە ئەمریکا هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان توانی بە بەدەستهێنانی 301 ئەندامی کۆمەڵەی هەڵبژاردن، کورسی سەرۆکایەتی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە و کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکانیش 226 کورسی کۆمەڵەی هەڵبژاردنی بەدەستهێنا.
 
هاووڵاتییانی ئەمریکا لە هەر 50 ویلایەتەکان 100 کەس وەکو ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێرن، واتە لە هەر ویلایەتێک 2 کەس هەڵدەبژێردرێن.
 
هەڵبژاردنی ئەم جارە تەنیا 34 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن، ئەوەش لەبەر ئەوەی دوو ساڵ جارێک ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لە ئەمریکا نوێ دەکرێنەوە.
 
کۆمارییەکان کە پێشتر 49 ئەندامییان هەبوو، ئێستا چوار ئەندامی دیکەیان بۆ خۆیان یەکلایی کردووەتەوە و ژمارەی ئەندامەکانیان گەیشتە 53 و دیموکراتەکانیش چوار کورسی ئەنجوومەنەکەیان لەدەستدا و ژمارەی کورسییەکانیان بوو بە 46 کورسی.
 
هەروەها لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش کە 435 ئەندامی هەیە، کۆمارییەکان توانیویانە تاوەکو ئێستا 212 کورسی ببەنەوە و دیموکراتەکانیش 200 کورسی.
 
پێش ئەم هەڵبژاردنە، کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی کەم کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کردبوو؛ 220 ئەندامی ئەنجوومەنەکەیان هەبوو؛ هەروەها دیموکراتەکانیش 212 ئەندامی ئەنجوومەنەکەیان هەبوو.