کوڕە رەگەزگۆڕاوەکەی ئیلۆن مەسک بڕیاریداوە لە رقی ترەمپ ئەمریکا جێبهێڵێت
رووداو دیجیتاڵ
کوڕێکی ئیلۆن مەسک کە رەگەزی خۆی گۆڕیوە، دەڵێت: لە رقی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بڕیاریداوە وڵاتەکە جێبهێڵێت.
ڤیڤیان جێنا ویڵسن، تەمەنی 20 ساڵە و خۆی بە کچ دادەنێت. یەکێکە لەو کەسانەی لە سەرکەوتنی ترەمپ نیگەرانە، چونکە سەرۆکە هەڵبژێردراوەکە هەڵوێستێکی تووندی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان و رەگەزگۆڕاوەکان هەیە.
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا و سپەیس ئێکس، پشتیوانی لە ترەمپ کرد و لە چەند بۆنەیەکدا نیازی خۆی بۆ چوونە نێو حکومەت نیشانداوە.
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سرێدزدا، ڤیڤیان نووسیویەتی "ماوەیەکی زۆرە بیر لەمە دەکەمەوە. بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان پشتڕاستبوومەوە. من داهاتووی خۆم لە ئەمریکا نابینم. تەنانەت ئەگەر [ترەمپ] چوار ساڵیش سەرۆک بێت، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی جادوویی رێکارەکانی دژی رەگەزگۆڕاوەکان جێبەجێشنەکرێن، ئەو خەڵکەی دەنگیان بەم شتە داوە" هەر لە ئەمریکا دەمێننەوە.
ساڵی 2022 ڤیڤیان، کاتێک هێشتا ناوی زاڤیێر بوو، داوایێکی لە کالیفۆرنیا پێشكێشکرد بۆ ئەوەی رەگەز و ناوی خۆی بگۆڕێت.
ئەو کات داوای کرد ناوی بگۆڕێت بۆ ڤیڤیان و ناوی مەسکیش لە ناوەکەی بکرێتەوە، لەبری ئەو ناوی دایکی بخاتەسەر.
تەممووزی ئەمساڵ، ڤیڤیان لە دژی مەسک قسەیکرد و بە "باوکێکی ون" وەسفیکرد. هەروەها باسی لەوە کرد، کاتێک منداڵ بووە، بەهۆی شێوازی بیرکردنەوەی لە بارەی رەگەزی، مەسک لەگەڵیدا خراپ بووە.
مەسک پێشتر رایگەیاندبوو، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەویان هەڵخەڵەتاندبوو بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر رەزامەندیی خۆی بۆ گۆڕینی رەگەزی کوڕەکەی بکات.
ڤیڤیان بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، مەسک هەڵنەخەڵەتێنراوە، بەڵکو "چەندین جار بەڵگەنامەکانی خوێندووەتەوە."
بە درێژایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکا، ڤیڤیان لە سرێدز چالاکانە پەیامی بڵاودەکردنەوە، لە کاتێکدا مەسکی باوکی لە چەندین دەرکەوتنی میدیاییدا پشتیوانیی لە ترەمپ دەکرد.
لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە پێشانیاندا ترەمپ وردە وردە ویلایەتە یەکلانەبووەکان دەباتەوە، ڤیڤیان لە پۆستێکدا گوتی "داوای لێبوردن لە هەمووان دەکەم. وادیارە داهاتوو وەک ئەوە نابێت کە ئاواتم بۆ دەخواست."
لە چەندین پۆستی دیکەدا، ڤیڤیان توڕەیی خۆی بەرامبەر لایەنگرانی ترەمپ دەربڕی.
تەممووزی ئەمساڵ، مەسک چەپڕۆکانی تۆمەتبارکرد بەوەی ڤیڤیانیان هەڵخەڵەتاندووە. گوتیشی "زاڤیێری کوڕم مردووە، لە لایەن ڤایرۆسی هزر و بیری وۆکەکانەوە کوژرا."
وۆکەکان رەوتێکی چەپن؛ سەرسەختانە داکۆکی لەوە دەکەن منداڵان مافی ئەوەیان هەبێت، بێ رەزامەندیی دایک و باوکیان، رەگەزیان بگۆڕن.
مەسک ئەوانەی بە "ڤایرۆس" ناوبرد و بەڵێنی "تێکشکاندن"ـیانی دا.