لە فەرەنسا مادەیەک دۆزراوەتەوە کە دەتوانێت رێگە لە جەڵتە بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی کەینی باکووری رۆژئاوای فەرەنسا زانایان مادەیەکی تیشکاوەرییان دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت خوێنمەیینی زۆر بچووک بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی رێگە لە جەڵتە بگیرێت.
مادە تیشکاوەرییەکە ناوی فیزیۆمیکـە و هیچ کاریگەرییەکی خراپی نییە.
تۆماس بۆنارد، توێژەر لە زانکۆی کەین دەڵێ "تیمەکەمان پەرەیان بە مادەیەک دا کە موگناتیسی تێدایە. مادەکە لە رێگەی دەرزییەوە لە جەستە دەدرێت و زوو تێکدەشکێت و هیچ کاریگەرییەکی ژەهراویی نییە. موگناتیسەکە تیشک دەردەدات، بەمەش هەر خوێنمەیینێک لەنێو لوولەکانی خوێن دا هەبێت، دەستنیشانی دەکات.''
ئەو مادەیەی تۆماس باسی کرد، لە ئۆکسایدی ئاسن و دۆپامین دروستکراوە، کە دەچێتە نێو مولوولەکانی خوێن، بە زوویی هێرش دەکاتە سەر هەر خوێنمەیینێک کە هەبێت، تەنانەت ئەگەر زۆر زۆر بچووکیش بێت، بەمەش رێگە لە جەڵتە دەگرێت، بەتایبەت ئەو جەڵتانەی بەهۆی خوێنمەیینەوە دروستدەبن.
تۆماس بۆنارد هەروەها دەڵێ "جەڵتەی خوێنمەیین کاتێک دروست دەبێت، کە خوێنبەری سەرەکی بۆ مێشک خوێنمەیینی تێدا روودەدات. ئەوەیە ئێمە دەتوانین بە تیشک خوێن مەیینی گەورە ببینین، بەڵام خوێن مەیینی بچووک نابینرێت، بۆیە ئەم مادەیە یارمەتیدەرە."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، جەڵتە بەهۆی خوێنمەیینەوە ساڵانە 5.5 ملیۆن کەس لە جیهاندا دەکوژێت و، لەنێو هەموو جۆرەکانی دیکەی جەڵتە دا، 87٪ـی مردن بەهۆی گیرانی لوولەکانی خوێنەوەیە.