وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هەوڵی کوشتنی ترەمپ هیچ بنەمایەکی راستی نییە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، سێ کەسیان بەهۆی هەوڵدان بۆ کوشتنی ترەمپ بە تاوانبار ناساندووە و یەکێکیان ئێرانییە، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
رۆژی شەممە 09-11-2024 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە گوایە ئێران لە هەوڵێکی کوشتنی بەرپرسانی ئێستا یان پێشووی ئەمریکا تێوەگلابێت."
دوێنێ هەینی 08-11-2024 وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، "بەهۆی هەوڵدان بۆ کوشتنی ترەمپ، سێ کەس بە تاوانبار ناسێندران و تاوانباری سەرەکیش لە ئێرانە."
بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، فەرهاد شاکیری ناوی ئەو "تاوانبارە سەرەکییە"یە کە تەمەنی 51 ساڵە و ئێستا لە تارانە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا گوتی، "فەرهاد شاکیری فەرمانی پێکرابوو لە 07-10-2024 پلانێک بۆ کوشتنی ترەمپ دابنێت."
وەزارەتی داد راشیگەیاند، شاکیری کاتێک منداڵ بووە لەگەڵ دایک و باوکی کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا و "لە ساڵی 2008 دوای ئەوەی کەیسێکی دزیکردنی بەسەردا ساخبوویەوە، دیپۆرتی ئێران کرایەوە."
دوو کەسەکەی دیکە کە بە تاوانبار ناسێندراون، هاووڵاتیی ئەمریکین و ناویان کارلیسل ریڤێرا و جۆناتان لاودۆڵتە و "هەردووکیان لە نیویۆرک دەستگیرکراون و دادگایی کراون."
بەگوێرەی ئەو وەزارەتەی ئەمریکا، کاتێک شاکیری لە یەکێک لە زیندانەکانی ئەمریکا [پێش دیپۆرتکردنەوە] زیندانی بووە، ریڤێرا و لاودۆڵتی لە زیندان ناسیوە و "سەرەتا بەیەکەوە پلانیان داناوە هاووڵاتییەکی ئێرانی لە نیویۆرک بکوژن کە رەخنەی زۆری لە حکومەتی ئێران دەگرت."
وەزارەتی داد گوتی، شاکیری لەلایەن "سوپای پاسدارانی ئێرانەوە رێنمایی کرابوو" چەند هاووڵاتییەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی لەنێو ئەمریکا بکاتە ئامانج و بیانکوژێت، "بەڵام ئەمجارە بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران داوایان لە شاکیری کردبوو تەنیا سەرنج بخاتە سەر ترەمپ؛ داوایان لێکردبوو لە حەوت رۆژدا پلانێک ئامادە بکات".
مێریک گارلاند، داواکارێکی گشتیی ئەمریکایە و رایگەیاند، "هیچ لایەنێک نییە هێندەی ئێران بووبێتە مایەی هەڕەشەی جیدی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا."
ئەو کاتەی شاکیری لە ئەمریکا بووە، پێنج جار لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و لە قسەکانیدا رایگەیاندووە، "لەکاتی مامەڵەی نەوت و گاز لەگەڵ ئێران، بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێرانم ناسی. ئەو بەرپرسە دوای ئەوەی زانی لە نیویۆرک دەژیم، داوای لێکردم یارمەتیی سوپای پاسدارانی ئێران بدەم بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەچەند کەسێک بکەن لە ئەمریکا". شاکیری بە پۆلیسی گوتووە، زیاتر لە 10 جار ئەو بەرپرسەی بینیوە.
بەگوێرەی چەند پەڕاوێکی دادگە، شاکیری پشتی بەو کەسانە بەستووە کە لەو ماوەیەی لە زیندان بووە ناسیونی و دەڵێت، تۆڕێکی پێکهێناوە و لە رێگەی ئەوانەوە چاودێریی ئامانجەکانی کردووە.
مەسیح عەلی نەژاد، رۆژنامەڤانی ئێرانی-ئەمریکی کە رەخنەی زۆر لە حکومەتی ئێران دەگرێت، دوێنێ هەینی رایگەیاند، ئەو یەکێک بووە لە ئامانجەکانی شاکیری. دواتر وەزارەتی دادیش رایگەیاند، "عەلی نەژاد چەند جارێک پلانی کوشتنی بۆ دانراوە و لەلایەن ئەو دوو ئەمریکییەی کە دەستگیرکراون، لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە بۆنەیەکدا چاودێری کراوە."