شۆڵتز دەڵێت پێویستە لە گفتوگۆکانی داهاتووی ئۆکراینادا بەشداری بە رووسیا بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هاوڕان لەسەر ئەوەی، دەبێت رووسیا لە کۆنفرانسی داهاتووی ئاشتیی ئۆکراینادا بەشداربێت.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا داوای کرد هەوڵی زیاتر بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بدرێت.
لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژی یەکشەممە لەلایەن میدیای ئەڵمانییەوە بڵاوکرایەوە، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "بڕوام وایە ئێستا کاتی ئەوەیە گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن خێراتر لەم جەنگە بێینە دەرەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "بێگومان کۆنفرانسێکی دیکەی ئاشتی دەکرێت، من و سەرۆک زیلینسکی هاوڕاین کە پێویستە رووسیاش بەشداربێت."
کۆنفرانسی پێشووی ئاشتیی ئۆکراینا لە 15 و 16ی حوزەیران لە سویسرا کرا؛ تێیدا 78 وڵات پشتیوانییان بۆ "یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا" دەربڕی، بەڵام بێ ئەوەی رێگاچارەیەکی روون بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە بخەنەڕوو. رووسیا لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار نەبوو.
شۆڵتز لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا رووبەڕووی ناڕەزایی زیاتر دەبێتەوە لەسەر ناردنی پارە و چەک بۆ ئۆکراینا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەو پارتە پۆپۆلیستانەی دژایەتیی چەکدارکردنی ئۆکراینا دەکەن لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکانی 1ی ئەیلوولدا ئەنجامی باشیان بەدەستهێنا.
تەنانەت هەندێ ئەندامی پارتەکەی شۆڵتز، پارتی سۆسیال دیموکرات، داوادەکەن زیاتر گرنگی بە دیپلۆماسی لەگەڵ رووسیا بدرێت.