هەولێر و ناشڤێڵ فراوانکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوانیان تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
شاندی پارێزگای هەولێر و ژووری بازرگانی ناشڤێڵ لە شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تەنەسیی ئەمریکا کۆبوونەوە. ئامانج لە کۆبوونەوەکە دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ناشڤێڵ و هەولێرە.
راڵف شوڵز، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ناشڤێڵ دەڵێت، ''نزیکەی 15 هەزار کەس دەبن لێرە و دەستیان بەکاری بازرگانی کردووە، بۆیە دەتوانین پەیوەندی لەنێوان بازرگانانی کورد لێرە و لە هەولێر دروستبکەین، بەڵام هەرشتێکیش پەیوەندی بە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلەوە هەبێت، یان پەیوەندی بە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە هەبێت، یان کاری لۆجستی، گواستنەوەی کاڵا و بەرهەمەکان، ئەمانە هەموو پەیوەندیی بازرگانی باش دەبن کە لەگەڵ ناشڤێڵ دروستبکرێن.''
بەرپرسانی ناشڤێڵ چاویان لەوەیە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ هەولێر فراوانتر بکەن و هانی کۆمپانیاکانی ئەمریکاش دەدەن روو لە هەولێر بکەن.
شاندی هەولێریش، دەیەوێت بۆ گرنگیدان بە وەبەرهێنانی دوور لە سێکتەری نەوتی، سەرنجی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە شارەکەیان رابکێشێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە سەردانی ناشڤێڵی کردووە دەڵێت، ''ئێستا ئێمە لەسەروبەندی دروستکردنی هەردوو ژووری بازرگانییەکانداین، دواجار سەرمایەدارەکانی ئێمەن، بازرگانەکانی ئێمەن لە رێگەی ژوورە بازرگانییەکانەوە ئەو پەیوەندییە دروستدەکەن، ئێمەش هیوادەخوازین بازرگان و کۆمپانیاکانی ئێمە ئەو دەرفەتەیان هەبێت لێرە کاربکەن، لێرە لە نێو کۆبوونەوەکەدا ئەو بەڕێزەی قسەی کرد، بەراوردێکی جوانی کرد، گوتی لای ئێوە توانای مرۆیی هەیە، بەڵام رەنگە لە رابردوودا دەرفەت لەبارنەبووبێتن، ئەم هاوبەشیکردنە وادەکات ئەو بۆشایانەی لە هەولێر هەن، ناشڤێل پڕیان بکاتەوە، ئەوانەی لە ناشڤێڵ هەن، هەولێر دەتوانێت بەجۆرێک هاوکاربێت و پڕیان بکاتەوە.''
لۆڕی ئۆدا، جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی ناشڤێڵ ئاماژە بەوە دەکات، ''زۆر حەزدەکەم ببینم ئەو پەیوەندییە بازرگانییە گەشە بکات، ناشڤێل ماوەیەکی زۆرە بووەتە ماڵی ژمارەیەکی زۆری رەوەندی کوردی، بۆیە رەنگە ئێستا هەندێک پەیوەندیی بازرگانی، پەیوەندی بچووک هەبن کە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێمە هەبێت، هەروەها پێمانخۆشە بزانین ئەو دەرفەتانەش چین کە لە هەولێر بۆ کۆمپانیاکانی ناشڤێڵ هەن، بە پێچەوانەشەوە بزانین چ دەرفەتێک بۆ کۆمپانیاکانی هەولێر هەن کە دەیانەوێت بێن بازرگانی لە ئەمریکا بکەن.''
بەگوتەی بەرپرسانی ناشڤێڵ و هەولێریش، دەرفەتی گەورەی بازرگانی بۆ بازرگانانی هەردوو شارەکە هەن و لە ئایندەشدا کارئاسانی زیاتر بۆ بازرگان و وەبەرهێنەکان دەکەن.