لێکۆڵینەوەیەک: پۆستە ناڕاستەکانی ئیلۆن مەسک لەبارەی هەڵبژاردنەوە 1.2 ملیار جار بینراون
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەمەندترین پیاوی ئێستای جیهان بە قسەکردن لەسەر سیاسەت سەرئێشە بۆ خۆی دروستدەکات.
لێکۆڵینەوەیەک دەریدەخات کە ئیلۆن مەسک ژمارەیەک پۆستی بەلاڕێدابەری لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردوونەتەوە کە 1.2 ملیار بینەریان هەبووە، ئەوەش کاریگەریی ملیاردێرەکە لەسەر رکابەرایەتییە تووندەکە دەردەخات.
لە کاتێکدا تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بەشێک لە لێکۆڵینڤانان هۆشداری دەدەن لەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، واتە تویتەری پێشوو، بووەتە شوێنی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و فریودەری سیاسی.
ئەو لێکۆڵینڤانانە هۆشداریدەدەن کە ئیلۆن مەسکی خاوەنی ئێکس و لایەنگری راشکاوانەی دۆناڵد ترەمپ، بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست لە هەژمارەکەی خۆیەوە دەنگدەرانی ئەمریکی بەرەو ئەوە دەبات دەنگ بە بەربژێرە دڵخوازەکەی بدەن.
لێکۆڵینڤانانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی رق و کینەی دیجیتاڵی لە ئەمریکا (CCDH) 50پۆستی مەسکیان دۆزیەوەتەوە کە لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە بە زانیاریی ناڕاست لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمریکا کردوونی.
مەسک لە ئێکس 193 ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە.
هیچ یەک لەو پۆستانەی مەسک کە لێکۆلینڤانان دەڵێن زانیاریی هەڵە و فریودەریان تێدایە، لە لایەن خزمەتگوزاریی "Community Note" ی ئێکسەوە راستنەکراونەتەوە و تێبینییان لەسەر نەنووسراوە.
"Community Note" رێگە بە بەکارهێنەران دەدات ئەگەر پۆستێکیان بینی هەڵەی تێدابوو، تێبینیی لەسەر بدەن بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بەلاڕێدانەبردرێن.
لێکۆلینڤانان پێیانوایە، دەرنەکەوتنی ئەو تێبینیانە لەسەر پۆستەکانی مەسک پرسیار لەسەر سەرکەوتوویی خزمەتگوزارییەکە و جیدیبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست دروستدەکات.
عیمران ئەحمەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (CCDH) دەڵێت، "ئیلۆن مەسک پێگەی پایەداری خۆی وەک خاوەنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی کاریگەر لە رووی سیاسییەوە خراپ بەکاردێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست کە دەبێتە هۆی ناتەبایی و بێمتمانەیی."
ئەحمەد هەروەها هۆشداری دەدات: "نەبوونی تێبینیی Community Notes لەسەر ئەو پۆستانە، پێشانی دەدات کە تۆڕەکەی بە شێوەیەکی کارەستابار شکستیهێناوە لە پێشگیریکردن لەم جۆرە تاودانەی لە لایەن لۆگاریتمەکانەوە بەهێزدەکرێت، کە هەموومان دەزانین دەکرێت ببێتە هۆی توندوتیژیی راستەقینە."
ناوەندەکە کە وەک چاودێرێک بەسەر راستی و دروستیی زانیارییەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردەکات، باس لەوە دەکات، یەکێک لەو بانگەشە هەڵانەی مەسک کردوویەتی ئەوەیە گوایە دیموکراتەکان هانی زیادبوونی کۆچی نایاسایی بۆ ئەمریکا دەدەن بۆ ئەوەی کۆچبەران بەشداری لە دەنگداندا بکەن و دەنگ بە پارتی دیموکرات بدەن. بانگەشەیەکی دیکە ئەوەیە گوایە هەڵبژاردنی ئەمریکا رێی تێ دەچێت ساختەکاری تێدا بکرێت. هەردوو بانگەشەکە ملیۆنان خوێنەر و بینەریان هەبووە.
هەفتەی رابردوو مەسک رووبەڕووی رەخنەی گەورە بووەوە دوای ئەوەی کە ڤیدیۆیەکی ساختەکراوی کامالا هاریسی رکابەری ترەمپی بڵاوکردەوە.
لەو ڤیدیۆیەدا کە بە تەکنیکی دیپ فەیک دروستکرابوو، کەسێک بە دەنگ و رەنگی کامالا هاریس، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بە خەڵەفاو ناودەبات و دواتریش باس لە خۆی دەکات و دەڵێت: "یەک شت لە بەڕێوەبردنی وڵات نازانم."
ڤیدیۆیەکە لە لایەن ملیۆنان کەسەوە بینرا، بەڵام هیچ تێبینییەکی لەسەر نەنووسرابوو کە مەبەست لێی شتێکی گاڵتەئامێز بێت، جگە لە ئیمۆجییەکی پێکەنین.
تەنیا دوای تێپەڕینی ماوەیەک، مەسک روونیکردەوە کە ئامانج لە ڤیدیۆکە، گاڵتەی سیاسی بووە.
نورا بێنەڤیدێز، چالاکڤان لە رێکخراوی Free Press Action Fund دەڵێت، "مەسک بە جۆرێک مامەڵە دەکات وەک ئەوەی نەتوانرێت گلەیی لێ بکرێت، وێڕای بەڵگەی زیادبووی رۆڵە زیانبەخشەکەی لە زیادکردنی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دروستکردنی ناکۆکی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەمریکا. لەبەر ئەوەی مامەڵەی زیاتر لە دەستوەردان لە هەڵبژاردن نزیکدەبێتەوە، دەمێنێتەوە سەر ئەوانی دیکە، واتە رای گشتی، ئاژانسە چاودێرەکان و ریکلامکەرەکان کە رووبەڕووی بەرپرسیارێتیی بکەنەوە لە بەرامبەر مامەڵە دژە دیموکراسییەکانی."
مەسک لە ساڵی 2022 تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بە 44 ملیار دۆلار کڕی.