یەکەمین بەلەمی کۆچبەران دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ، گەیشتە بەریتانیا
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی بەریتانیا، گەیشتە ئەو وڵاتە.
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی شەممە رایگەیاندبوو پلانی مشتومڕهێنی سەرۆکوەزیرانی پێش خۆی بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، هەڵدەوەشێنێتەوە.
حکومەتی پێشووی بەریتانیا بەمەبەستی ساردکردنەوەی کۆچبەران لە گرتنەبەری رێگەی مەترسیداری نۆکەندی ئینگلیز، کە ساڵانە سەدان کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا تێیدا دەخنکێن، بڕیاریدابوو کۆچبەرانی نایاسایی بنێرێت بۆ رواندا لە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا.
پلانەکە تاوەکو ئێستا بە ملیۆنان دۆلار لەسەر بەریتانیا کەوتووە و تەنیا دوو کەس، ئەوانیش بە ویستی خۆیان، نێردراونەتە رواندا.
ستامەر پلانەکەی بە "فێڵکردن" دانا، بەڵام دیار نییە شوێنگرەوەی بۆ ئەو پلانە چی دەبێت، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەش مانگی رابردوودا خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی وڵاتەکەی، گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی.
چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ و داکۆکیکاری کۆچبەران دەڵێن، پلانەکەی حکومەتی پێشوو نامرۆڤانە بوو.
لە نیسانی ساڵی 2022، لەندەن رێککەوتنێکی لەگەڵ رواندا واژۆکرد بۆ ئەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک بە قاچاخ دەچنە بەریتانیا بنێردرێن بۆ ئەو وڵاتە ئەفریقییە، تاوەکو لەوێ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی پەناخوازییان بکرێت و ئەگەر پەسند کران، ئەوا لە رواندا دەمێننەوە.