میدیای بەریتانی: ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتنێکی کاتی نزیکن

رووداو دیجیتاڵ 

میدیای بەریتانیا لە زاری دوو سەرچاوەوە دەڵێت، ئەمریکا و ئێران نزیکن لە رێککەوتنێکی کاتی لەبارەی سووککردنی بەشێک لە سزاکانی سەر تاران، لەنێویدا هەناردەی نەوت لە بەرامبەر کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم.
 
بەپێی بەرپرسێکی ئێرانیی ئاگادار لە دانوستاندنەکان، گفتوگۆکان راستەوخۆ لەسەر خاکی ئەمریکا کراون و پێشکەوتنێکی بەرچاو لە "پرۆسەی دیپلۆماسیـدا" بەدی هاتووە. دەشڵێت، بەڵام هێشتا ئەمریکا دوودڵە لەوەی بێتەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015.
 
لە لایەنی ئێرانەوە ئەمیر سەعید ئیراڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە لایەنی ئەمریکیشەوە رۆبێرت مالی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئێران، دانوستاندنی راستەوخۆ و رووبەڕوویان کردووە. پیراڤانی رۆڵێکی دیاری بینیوە لە دانوستاندنە سەرەتاییەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە لە بەغدا.
 
دوو سەرچاوە دەڵێن، لە دانوستاندنەکاندا پێشکەوتنی بەرچاو بەدی هاتووە؛ ئێران رازی بووە پابەند بێت بە کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60٪ و بەردەوامبوون لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە چاودێریکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی.
 
لە بەرامبەردا، ئەمریکا رێگە بە ئێران دەدات رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەناردە بکات و دەستی بە داهات و پارە سڕکراوەکانی لە بانکەکانی دەرەوە بگاتەوە.
 
هەرچەندە هەریەک لە ئیراڤانی و مالی گەیشتن بە رێککەوتنی کاتی رەتدەکەنەوە، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، شێوازی خۆیانیان هەیە تاوەکو پەیام بۆ ئێران بنێرن، بەبێ ئەوەی باسی وردەکارییەکەی بکات.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشكرابکرێت، دەڵێت، "پێشڤەچوون لە گفتوگۆکان هەیە، بەڵام هێشتا رێککەوتن نەکراوە". سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت، باڵیۆزەکەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی ئەمریکا بۆ ئێران لە هەفتەی رابردوو سێ جار کۆبوونەتەوە.
 
ئیراڤانی وردەکارییەکانی رێککەوتنە کاتییەکەی رادەستی بڕیاربەدەستانی باڵای ئێران کردووە تاوەکو پەسەندی بکەن، بەڵام هێشتا رێبەری باڵا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رەزامەندییان لەسەر نەداوە.
 
مالیش بە ئێرانییەکانی گوتووە، سەرۆک بایدن هیچ نیازێکی نییە بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی بەشێوە بنچینەییەکەی، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018ـدا ئەمریکای لێ بردە دەرەوە.