هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر چەندین پرسی جیاواز دەچنە ئەمریکا
رووداو - واشنتن
هەفتەی داهاتوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی باڵا، لەنێویاندا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن دەبن و لەسەر چەندین پرسی جیاواز لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن.
یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت، کە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی عێراق دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە رووداوی راگەیاند، ئەو کۆبوونەوانە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەستپێدەکەن.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی ئەمریکا و عێراق هەفتەی داهاتوو لە رۆژی دووشەممە دەستپێدەکات، کە سەرنجیان لەسەر کارە لەپێشینەییەکان و پەیوەندییەکی فراوانی هەردوو وڵات دەبێت، لەنێویاندا پرسی سەربەخۆیی وزە، خزمەتگوزاریی چاکسازیی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق و بەهێزکردنی دیموکراسی و سەروەریی یاسا و هەروەها پەیوەندییە پەروەردەیی و کولتوورییەکان دەبێت."
لەو کۆبوونەوانەدا شاندی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن و ئەمریکاش مەبەستیەتی کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن و هەرێمی کوردستان، "هەرێمێکی خۆڕاگر و بەهێز بێت."
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداری لەو گفتوگۆیانە دەکەن، ئەمریکا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی خۆڕاگر و بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێز و فیدراڵ و سەقامگیر، هاوکات هانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن، تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر بکەن و خێروبێری ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان دەستەبەر بکەن."
بڕیارە کۆبوونەوەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێش نیوەڕۆکەی لە کۆشکی سپی بەڕێوەبچێت، ئەمەش ئەو کۆبوونەوەیە دەبێت کە زۆرترین چاوەڕوانیی لێدەکرێت؛ لەم کۆبوونەوەیەدا دەردەکەوێت ئەم سەردانە چەند سەرکەوتوو بووە.
لەو کۆبوونەوەیەش بێجگە لە پرسی پەیوەندیی ئەمنی و وزە؛ هاوکات پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەهێزبوونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش تاوتوێ دەکرێن.
د. عەباس کازم، بەرپرسی دێسکی عێراقی لە ئەنجوومەنی ئەتلانتیک ئاماژەی بەوە کرد، "پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقیش بەشێک دەبن لە کۆبوونەوەکە، کە ئەو پەیوەندیاینە چەندین ئاستەنگیان هەبووە و ئەمریکا هانی چارەسەکردنی داوە، پێشموایە سەرۆکوەزیران کارێکی باشی کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەلایەنی کەمەوە کاتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، تاوەکو هەموو کێشەکان بە تەواوەتی چارەسەر دەکرێن و هیواخوازیشین ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بە بەهێزی بمێننەوە."
بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق بێجگە لە کۆبوونەوە فەرمییەکان، هاوکات لەگەڵ میدیا و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش دابنیشێت و لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و دۆخی ناوچەکە قسە بکات.