قیبتییە کریستیانەکانی میسر خوانی بەربانگ بۆ خەڵکی کەمدەرامەت ئامادە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

قیبتییەکانی میسر کە خۆیان کریستیانن، لە مانگی رەمەزاندا خواردنی بەربانگ بۆ بەشێک لە موسڵمانەکان ئامادە دەکەن. ئەوان 40 ساڵە ئەو نەریتەیان پاراستووە و بەردەوامن.
 
جەمیل کامیل، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت: "ماوەی هەفتەیەکە لە ئەمریکا گەڕاومەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەم رەمەزان بکەم، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەم بەیەکەوە خوانی بەربانگ بۆ موسڵمانەکان ئامادە دەکەین."
 
منداڵەکانیشییان بەشداریی دەکەن، بۆ ئەوەی فێری نەریتەکە ببن. کاتی بەربانگ لەسەر شەقامەکان شەربەت بەسەر شۆفێرەکان دابەش دەکەن بۆ ئەوەی رۆژووەکانیان بشکێنن.
 
عەنتەر عەبدولحەلیم، موسڵمانێکی دانیشتووی قاهیرەیە، هاتووە خواردن بۆ بەربانگ وەربگرێت. دەڵێت: "ئێمە موسڵمان و کرستییانەکان زۆر پەیوەستین بە یەکدییەوە، هیچ جیاوازییەک لە نێوانماندا نییە. هاتووینەتە ئێرە بۆ ئەوەی خواردن وەربگرین، ئەوان لە رەمەزاندا خواردنمان بۆ دروست دەکەن و ئێمەش لەگەڵ منداڵەکانمان بەربانگی پێدەکەینەوە."
 
قیبتییەکانی میسر بە نزیکەی 20 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێن کە دەکاتە نزیکەی 15٪ دانیشتووانی وڵاتەکە؛ قیبتییەکان جگە لە میسر، لە سوودانیش هەن.