بایدن ئامادەیە پڕۆژە یاسایەک واژۆ بکات کە دەکرێت تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەخە بکات
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژە یاسایەک دەربڕی کە دەکرێت ببێتە هۆی قەدەخەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا. پڕۆژە یاساکە لەلایەن یاسادانەرانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەوە پێشنیاز کراوە.
کۆمپانیای چینیی (بایت دانس) کە خاوەنی تیکتۆکە، ئەگەر ئەپەکەی بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی نەفرۆشێت، ئەوا بە پێی پڕۆژە یاساکە، تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەخە دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، پڕۆژە یاساکە لە ژێر ناونیشانی "پاراستنی ئەمریکییەکان لەو ئەپڵیکەیشنانەی لە لایەن نەیارە بیانییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن" بە کۆی دەنگ لە لایەن لیژنەی وزە و بازرگانیی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسند کرا.
ئامانج لێی پاراستنی ئەمریکییەکانە لەو ئەپە بیانییانەی کە مەترسیی سیخوڕیکردنیان لێ دەکرێت، لە نێویشیاندا ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە دروستکراون.
رۆژی هەینی، لە بارەی پڕۆژە یاساکەوە، بایدن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەگەر ئەوان تێیپەڕێنن، واژۆی دەکەم."
پڕۆژە یاساکە 165 رۆژ بە کۆمپانیای بایت دانس دەدات بۆ ئەوەی تیکتۆک رادەستی دامەزراوەیەکی ئەمریکی بکات.
ئەگەر وا نەکات، تیکتۆک لە هەموو ئەپفرۆشەکان (واتە ئەپستۆرەکان) و سەکۆکانی ئینتەرنێتی ئەمریکا قەدەخە دەکرێت، بەو جۆرەش 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکی لە ئەپەکە دادەبڕێن.
پڕۆژە یاساکە هەروەها ئەپەکانی دیکەش دەگرێتەوە کە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن کە ئەمریکا بە "نەیاری بیانی" پۆڵێن دەکرێن، لەوانەش ویچات، کە کۆمپانیای (تێنسێنت)ی چینی خاوەندارێتیی دەکات.
ئەمریکا لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەترسێت
پڕۆژە یاساکە دوایین هەوڵی کۆنگرێسە بۆ کۆتوبەندکردنی تیکتۆک، ئەپێک کە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بووەتە ئامرازێک بۆ چین تاوەکو سیخوڕی بەسەر ئەمریکییەکانەوە بکات.
تیکتۆک ئەم تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە کە لە کارکردنیدا سەربەخۆیە و پەیوەندیی بە بایت دانسەوە نییە.
ئەوانەی ئەم پڕۆژە یاسایەیان ئامادە کردووە، پێکدێن لە مایک گالاگەر و راجا کریشنامورتی، سەرۆک و ئەندامی باڵای لیژنەی (هێزی ئەرکی چین)، کە لیژنەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەژموونی چین.
ئەوان دەڵێن، پڕۆژە یاساکە بۆ پارستنی ئەمریکییەکان لە هەڕەشەی دەستوەردان و دەستنەمۆکردنی بیانییەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، گرنگە.
بڕیارە لەم چەند رۆژەدا پڕۆژە یاساکە ببردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر پەسندکرا، دەچێتە ئەنجوومەنی پیران. دوای بەدەستهێنانی گڵۆپی سەوزی لەوێ، دەچێتە بەردەم بایدن بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات و ببێتە یاسا.
تیکتۆک بەرهەڵستی دەکات
تیکتۆک دەستبەرداری بازاڕی ئەمریکی نەبووە و دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ بەرهەڵستیکردنی پڕۆژە یاساکە و کۆکردنەوەی بەکارهێنەرانی لە پشت خۆی.
ئەپەکە ژمارەیەک هۆشداریی لەسەر پلاتفۆرمەکەی پێشانی بەکارهێنەرانی دا کە تێیدا دەڵێت، پڕۆژە یاساکە "170 ملیۆن ئەمریکی لە مافی دەستووریی ئازادیی رادەربڕین بێبەش دەکات. ئەمە زیان بە ملیۆنان خاوەنکار دەگەیێنێت، بژێویی کۆمەڵەیەکی لەهەژمارنەهاتووی بەرهەمهێنەران لە سەرانسەری وڵات لەنێودەبات و هونەرمەند و وەرگرەکان لێکدادەبڕێنێت."
تیکتۆک هەروەها داوا لە بەکارهێنەرانی دەکات هەڵوێست وەرگرن و تەلەفۆنی کۆنگرێس بکەن بۆ ئەوەی دژایەتیی خۆیان بۆ پڕۆژە یاساکە دەرببڕن.
رۆژی پێنجشەممە، ژمارەیەک کارمەندی کۆنگرێس بە میدیای ئەمریکی گوتبوو، کەوتوونەتە بەر لێشاوی گەورەی پەیوەندیی بەکارهێنەرانی تیکتۆک، کە هەندێ رۆژ سەدان کەس تەلەفۆنیان بۆ دەکەن.
بەڵام کارمەندێکی کۆماریی کۆنگرێس ئاماژە بەوە دەکات، بەشێکی زۆری ئەوانەی تەلەفۆن دەکەن ئەو هەرزەکارانەن کە نازانن بۆچی تەلەفۆنیان کردووە یان چۆن دەکرێت تیکتۆک ببێتە مەترسی بۆ سەریان.
تیکتۆک هەروەها لە رابردوودا چەند جارێک روونیکردووەتەوە کە ژمارەیەک هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی نیگەرانیی حکومەتی ئەمریکا بڕەوێنێتەوە، لە پێدانی پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکار بە کەسێکی ئەمریکی، دامەزراندنی دەستەیەکی بەڕێوەبەرایەتی لە ئەمریکا و ناوەندێکی رۆشنبوون (شەفافیەت) و لێپرسینەوە.
کۆمپانیاکە هەروەها ساڵی رابردوو سکاڵای لەسەر ئیدارەی ترەمپ تۆمارکرد لەسەر ئەوەی کە هەوڵیداوە تیکتۆک قەدەخە بکات.
لە سکاڵاکەیدا باس لەوە دەکات کە رێگە بە تیکتۆک نەدراوە بە شێوەیەکی یاساییی گونجاو بەرگری لە خۆی بکات و هەوڵەکان مەرامی سیاسییان لە پشتەوە بووە.
یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی تیکتۆک بۆ رزگاربوون لەو قەدەخەیە، ئەوە بووە کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک ئۆراکل و وۆڵمارت کردووە بۆ ئەوەی هاوبەشیێک پێکبێنن تاوەکو لە ئەمریکا بتوانێت بەردەوامبێت لە کارکردن.
ترەمپ دژی پڕۆژە یاساکەیە
ئەوەی کە مایەی سەرنجە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و رکابەری هەرە لەپێشی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵ، دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆژە یاساکە دەربڕیوە.
ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتیی خۆیدا لە ساڵی 2020، پشتیوانیی لە پڕۆژە یاسایێکی هاوشێوە کرد و بەڵێنیدا کە تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەخە بکات. بەڵام ئەو هەوڵانەی بەهیچ شوێنێک نەگەیشتن.
لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی کە ناوی Truth Socialـە، بە توانجگرتن لە مارک زوکەربێرگی خاوەنی فەیسبووک، ترەمپ لە پۆستێکدا دەڵێت: "ئەگەر تیکتۆک لەنێوببەن، فەیسبووک و زوکەرشمەک [مارک زوکەرە گەمژە] بازرگانیی خۆیان دوو هێندە زیاد دەکەن. من نامەوێت فەیسبووک کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا ساختەکارییان کرد، گەشەبکات. ئەوان دوژمنی راستەقینەی خەڵکن."