ناوی دەچێتە گینسەوە؛ پیاوێک بە 700 هەزار دەنکە شقارتە هاوشێوەی ئیفڵ دروستدەکات
رووداو دیجیتاڵ
ریچارد پلۆد، پیاوێکی فەرەنسییە، بە بەکارهێنانی 700 هەزار دەنکە شقارتە، توانی هاوشێوەیەکی تاوەری ئیفڵ دروست بکات کە زیاتر لە 7 مەتر بەرزە.
کتێبی گینس بۆ تۆمارە جیهانییەکان، سەرەتا رەتیکردەوە ناوی پلۆد تۆمار بکات، چونکە پێی وابوو دەنکە شقارتەی هەڵەی بەکارهێناوە، بەڵام ئەمڕۆ هەینی بڕیارەکەی گۆڕی و رایگەیاند، ناوی پلۆد لە کتێبەکەیدا دەنووسێت.
کتێبی گینس لەبارەی تاوەرەکەوە لە ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی، "بەرزترین شێوە کە بە دەنکە شقارتە دروستکرابێت، 7.18 مەترە، لە لایەن ریچارد پلۆد لە فەرەنسا لە 7ی کانوونی دووەمی 2024 بەدەستهێندراوە."
کتێبی گینس بۆ تۆمارە جیهانییەکان، کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە، رۆژی چوارشەممە بە میدیای ئەمریکی گوتبوو، لەبەر ئەوەی پلۆد ئەو دەنکە شقارتانەی بەکارهێناوە کە لە بازاڕ دەستناکەون، کارەکەیان رەتکردووەتەوە، بەڵام دووبارە پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکەیان دەکەن.
مارک مکینلی، بەڕێوەبەری تۆمارە نێوەندییەکانی گینس بۆ تۆمارە جیهانییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی زیاتر ئاشنای ئەو رێگەیانە بوون کە پلۆد بەکاریهێناون و دوای بەراوردکردنیان بە کارە هاوشێوەکان، بۆیان دەرکەوتووە کە لە جێبەجێکردنی یاساکاندا دەستیان لەسەر پلۆد قورس کردووە.
مکینلی دەڵێت، "بۆیە زۆر دڵخۆشین کە نازناوی تۆماری جیهانی گینس بە ریچارد دەبەخشین. هەندێ ناڕێکی لە یاساکانماندا هەبوون کە چارەسەرمان کردن".
نێوان رەتکردنەوە و پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە، 24 کاژێر بوو.
پلۆد دەڵێت، لەو ماوەیەدا دڵتەنگ و نیگەرانی ئەوە بووە کە رەنجی هەشت ساڵی بەفیڕۆ بچێت.
پلۆد لە کانوونی یەکەمی 2015 دەستی بە کارە زەحمەتەکەی کرد.
پاکەتی شقارتەی لە سوپەرمارکێتەکان دەکڕی و بە دەست دانە دانە کبریتەکەی لێ دەکردنەوە؛ دواتر گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کرد بۆ ئەوەی دەنکە شقارتەکان بێ کبریت دروستبکات و راستەوخۆ بۆی بنێرێت. گینس سەرەتا ئەمەی کردە هۆکارێک بۆ رەتکردنەوەی کارەکەی پلۆد.