وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا چۆڵنەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا چۆڵکراوە و ستافەکەی بۆ وڵاتێکی دراوسێی عێراق گوێزراوەتەوە.
رۆژی هەینی، 9-2-2024، گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەلامەتیی کارمەند و راوێژکارانی ئەمریکا" لە دەرەوە بۆ حکومەتی وڵاتەکەی "ئێجگار گرنگە"، بەڵام بەم دواییە "هیچ گۆڕانکارییەک لە ستاف یان رێکاری ئەمنی"ـی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەیان لە هەرێمی کوردستان رووی نەداوە.
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، دوایینجار کە گۆڕانکاری لە ستافی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا یانیش کۆنسوڵخانەکەیان لە هەولێر کرابێت لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو کە "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە دەرچوونی ستافی ناپێویست و خێزانی بەشێک لە ستافی باڵیۆزخانەکە لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر کرد، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان بۆسەر کارمەندانی دیپلۆماسی، هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکان" لە ناوچەکە.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە، 9-2-2024، سەبارەت بە گوتەکانی فەرماندەیەکی حەشدی بەرگری لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ رووداو کە باسی لەوەکردبوو ئەمریکا ستافەکەی خۆی گواستووەتەوە بۆ ئوردن و باڵیۆزخانەکەی چۆڵکردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "باڵیۆزخانەکەمان چۆڵنەکردووە و هیچ گۆڕانکارییەکیش لەم دواییەدا نەکراوە."
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە 17ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023وە، واتە دوای 10 رۆژ دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 169 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپێک بەناوی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی 28ـی مانگی رابردوو خوێناویترین بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن.
رۆژی چوارشەممە 07-02-2024، ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی کە فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی بوو لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی ئەرکان عەلیاوی کە بەرپرسی هەواڵگریی حیزبوڵڵایە کوژران.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند.
ئەو هێرشە دوای ئەوە بوو کە شەوی 2ـی ئەم مانگەش ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە پارێزگای ئەنبار و پارێزگای دێرەزووری سووریا، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون".