خێرایی ئۆتۆمبێل لەنێو ئەمستەردام بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا کەم دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ، بەرپرسانی شاری ئەمستەردامی پایتەختی هۆڵەندا بڕیاریاندا خێرایی ئۆتۆمبێل و ئامرازەکانی دیکەی هاتووچۆ لە ژمارەیەک لە شەقامەکانی شارەکە بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا کەم بکەنەوە.
 
بە گوێرەی بڕیارەکە، پێویستە ئۆتۆمبێل، بارهەڵگر، ماتۆرسکیل، پاسکیل و تەنانەت سکووتەرەکانیش خێراییان لە 30 کیلۆمەتر تێنەپەڕێت، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.
 
شارەوانیی ئەمستەردام هەوڵدەدات خەڵک لە خێرایی نوێ ئاگادار بکاتەوە، بەڵام دانیش بەوەدا دەنێت کە جێبەجێکردنی رێکارە نوێیەکە پێویستە قۆناخ بە قۆناخ بێت، تاوەکو خەڵک لەگەڵی رابێت.
 
شارەوانیی ئەمستەردام لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سنووری نوێی خێرایی بۆ هەندێ کەس پێویستی بە کاتە تاوەکو لێی رادێن، بەتایبەتی ئەوانەی رۆژانە شۆفێری دەکەن".
 
بەرپرسانی شارەکە هیواخوازن ئەم سنووردارکردنی خێراییە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی رووداوی هاتووچۆ و ژاوەژاوی نێو شار.
 
شەقامەکانی نێو ئەمستەردام پێشتر خێراییان بە 50 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا سنووردار کرابوو؛ بەشێکیان کە سنووردارکردنە نوێیەکە نایانگرێتەوە، تابلۆ و ئاماژەی هاتووچۆی تایبەتیان لەسەر دادەنرێت.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022، 745 کەس لە رووداوی هاتووچۆدا لە سەرانسەری هۆڵەندا گیانیان لەدەستداوە.
 
نزیکەی 900 هەزار کەس لە ئەمستەردام دەژین. شارەکە بەوە ناسراوە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تێدا نییە و خەڵکێکی زۆر سوود لە پاسیکل وەردەگرن.