ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگربەستی غەززە رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ تاوتوێکردنی بڕیارنامەی وەستاندنی جەنگ لە غەززە، ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە کۆبوونەوەدایە.
 
نوێنەری ئەمریکا بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، ئەوان پشتیوانی لە ئاگربەست ناکەن. رێکخراوی پزیشکانی بێسنووریش دەڵێت، ئەگەر ئەنجوومەنەکە ئێستا شتێک نەکات، "دەبێتە هاوبەشی تاوانی جینۆساید"ی کەرتی غەززە. 
 
رۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاساییش گوتی: "ئەگەرچی ئەمریکا بەهێزەوە پشتیوانی لە ئاشتیێکی بەردەوام دەکات کە تێیدا ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بتوانن بە ئاشتی و ئارامی بژین، ئێمە پشتیوانی لە بانگەوازەکانی ئاگربەستی دەستبەجێ ناکەین."
 
وود گوتیشی: "ئەمە تەنیا تۆوی جەنگی داهاتوو دەچێنێت، چونکە حەماس هیچ خواستێکی بۆ ئاشتیێکی بەردەوام لە پێناو چارەسەری دوو دەوڵەتدا نییە."
 
هێزەکانی ئیسرائیل رۆژی هەینی لە زەوی و ئاسمانەوە بەردەوامبوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە. 
 
جەنگەکە کە ماوەی دوومانگە بەردەوامە، بووەتە هۆی کورژانی 17 هەزار و 487 کەس لە غەززە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ناوچە فەلەستینییەکە. 
 
ئیسرائیل هەڕەشەی سڕینەوەی حەماس دەکات دوای ئەوەی کە بزووتنەوە فەلەستینییەکە لە 7ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا هەزار و 200 ئیسرائیلیی کوشت و ژمارەیەکیشیانی بە بارمتە گرت، کە هێشتا 138یان ئازاد نەکراون.
 
رووبەڕێکی بەرفراوانی غەززە بووەتە وێرانە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 80%ی دانیشتووانی کەرتەکە ئاوارە بوون، ئاو،خۆراک، سووتەمەنی و دەرمانیان دەستناکەوێت و رووبەڕووی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەبنەوە.  
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان یاسای ژمارە 99ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی چالاککرد بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر جەنگەکە بکات. 
 
گوتێرێز داوای ئازادکردنی بارمتەکانی کرد، بەڵام گوتیشی، "دڕندەیی حەماس هەرگیز ناکرێت بکرێتە پاساو بۆ سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتیوانیی لەو هۆشدارییە کرد.
 
کرستیان لیندمایەر، گوتەبێژی رێکخراوەکە گوتی: "خەڵکەکە دەستیکردووە بە لێکردنەوەی وایەری تەلەفۆن بۆ ئەوەی بیسوتێنن تاوەکو خۆیانی پێ گەرمبکەنەوە یان ئەگەر شتێکیان هەبوو، خواردنی پێ لێبنێن،" گوتیشی: "شارستانیەت خەریکە دەڕوخێت."
 
رێخکراوی پزیشکانی بێسنووریش رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاساییش "لە کوشتارە بەردەوامەکە تێوەگلاوە" و پێویستە دەنگ بە "هەڵگرتنی گەمارۆ"ی سەر غەززە بدات.