ئەمریکا سزا بەسەر تۆڕێکی پارەدارکردنی حوسییەکاندا دەسەپێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە وەڵامی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، ئەمریکا سزای بەسەر 13 کەسایەتی و دامەزراوەدا سەپاند بە تۆمەتی ئەوەی کە لە رێگەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانەوە دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ حوسییەکان دابینکردووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، حوسییەکان و کەسێکی ئێرانی بە ناوی سەعید جەمال تۆڕێکی نووسینگە و دامەزراوەی ئاڵۆگۆڕکردنی دراویان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پارەی ئێرانی بگەیێننە دەستی حوسییەکان لە یەمەن.
هەموو سامانی سزادراوەکان و هەژمارە بانکییەکانیان لە ئەمریکا سڕدەکرێن و رێگەیان پێ نادرێت کار لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەن.
ژمارەیەک کەسایەتی و کۆمپانیا کە لە دوبەی و تورکیا یارمەتی جەمالیان داوە، لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوەی گواستنەوەی کەشتییەکان لە رووسیاوە بۆ سەینت کیتس نێڤیس کە دەگوترێت نەوتی ئێرانییان بۆ جەمال گواستووەتەوە، هەموویان رۆژی پێنجشەممە، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی گوتی، حوسییەکان "بەردەوامن لە وەرگرتنی پارە و پشتیوانی لە ئێران، ئەنجامەکەش جێگەی سەرسوڕمان نییە؛ هێرشی بێ پاساو دژی ژێرخانی سڤیل و کەشتییە بازرگانییەکان، تێکدانی ئاسایشی دەریاگەری و هەڕەشەکردن لە بازرگانیی نێودەوڵەتی."
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند: "وەزارەتی گەنجینە بەردەوامدەبێت لە رێگریکردن لە ئاسانکردنی دارایی و کاری ئەو تۆڕانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم کارە تێکدەرانە."
لە تشرینی یەکەمەوە، حوسییەکان ژمارەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
حوسییەکان پێشتریش ناوبەناو هێرشیان دەکردە سەر کەشتییەکان، بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەم، هێرشەکانی گرووپە چەکدارە یەمەنییەکە روویان لە زیادبوون کرد.
بەرپرسانی حوسییەکان جەختیان کردووەتەوە کە ئیسرائیل ئامانجی مووشەک و درۆنەکانیانە.