ئەو حەوت شتە چین کە ترەمپ دەڵێت وەکو سەرۆک دەیانکات؟
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە 20ـی کانوونی دووەمی داهاتوو بەفەرمی دەچێتە کۆشكی سپی و وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا بەڵێنی بە دەنگدەرانی ئەمریکا دا کە کار لەسەر چەندین پرس دەکات، لەنێویاندا پرسی کۆچبەران، ئابووری و جەنگی غەززە و ئۆکراینا.
ترەمپ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، گوتاری سەرکەوتنی پێشکێش کرد و لە گوتارەکەیدا جەختی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی کردەوە و گوتی، کە بە دروشمێکی سادە حوکم دەکات: "بەڵێنەکان دران، بەڵێنەکان جێبەجێ دەکرێن. ئێمە بەڵێنەکانمان جێبەجێ دەکەین".
بەشێک لەو بەڵێنانە کە ترەمپ بڕیاری داوە جێبەجێیان بکات، ئەمانەن:
دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانەی بێ بەڵگەنامە
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا کە گەورەترین هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە لە مێژووی ئەمریکا دەستپێدەکات.
هەروەها سەرۆکە هەڵبژێردراوەکەی ئەمریکا بەڵێنیشی دا کار لەسەر تەواوکردنی دیواری مەکسیک بکات، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دەستی بە دروستکردنی کردبوو.
دیواری مەکسیک بەو دیوارە 1,127 کیلۆمەترییە دەگوترێت کە ترەمپ لە سنووری نێوان مەکسیک و ئەمریکا بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران دەستی بە دروستکردنی کرد.
لە ساڵی 2021 و دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی بایدن، زیاتر لە شەش ملیۆن و 400 هەزار کۆچبەر دەستبەسەر کراون، کە ویستوویانە لە سنوورەکانی باشووری ئەمریکاوە دزە بکەنە نێو ئەو وڵاتەوە.
ساڵی رابردووش ئەمریکا 2.44 ملیۆن کۆچبەری رەوانەی مەکسیک کردوونەتەوە.
ناهێڵێت منداڵ لەبارببردرێت
پێچەوانەی ویستی بەشێک لە لایەنگرانی، ترەمپ دەڵێت ئەو دژی لەباربردنی منداڵە.
لە دیبەیتەکەی لەگەڵ کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکی ئەمریکا؛ پرسیار لەبارەی لەباربردنی منداڵ لە ترەمپ کرا، ئەویش گوتی: ''دژی لەباربردنی منداڵم''، بەڵام کامالا گوتی: ''خانمان ئازادن چ بڕیارێک لەسەر جەستەی خۆیان دەدەن و لەباربردن ئاساییە''.
ساڵی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگی دادوەرە نەریتخوازەکانی، کۆتایی بە مافی دەستووریی لەباربردنی منداڵ هێنا و دەسەڵاتی رێکخستنەوەی یاسای لەباربردنی بۆ ویلایەتەکان گەڕاندەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەش، ئەو پرسە بوو بە یەکێک لە پرسە گرنگەکانی هەڵبژاردنەکە.
کە بانگەشەی هەڵبژاردنیدا ترەمپ ئەوەی دووپاتکردەوە کە دەبێت ویلایەتەکان دەسەڵاتی ئەوەیان هەبێت خۆیان بڕیار لەسەر یاسای لەباربردنی منداڵ بدەن: "ئێمە ئەو شتە دەکەین هەمووان دەیانەوێت، چونکە 52 ساڵە بابەتی لەباربردنی منداڵ وڵاتەکەمانی دابەشکردووە و نامانەوێت ئەوە بمێنێت، هەر بۆیە ئێستا هەر ویلایەتێک ئازادە لەوەی کە خۆی یاسای لەباربردنی منداڵ دابنێت''.
کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا
یەکێکی دیکە لەو بەڵێنانەی کە ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە لایەنگرانی دابوو، کۆتاییهێنان بوو بە شەڕی ئۆکراینا، ترەمپ بەردەوام رەخنەی ئەوەی لە ئیداری وڵاتەی گرتووە کە پارەیەکی زۆر لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا خەرج دەکەن.
هەروەها ترەمپ رایگەیاندوو، کە ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا "لەماوەی 24 کاژێر" کۆتایی بە شەڕی ئۆکراینا دەهێنێت.
ترەمپ هیچ کاتی باسی ئەوەی نەکردووە کە چۆن کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنێت، بەڵام دیموکراتەکان رەخنەی ئەوەیان لە ترەمپ دەگرت کە ترەمپ لە بەرژەوەندیی رووسیا شەڕەکە دەوەستێنێت.
ترەمپ لەسەر ئاستی دەرەوە دەیەوێت لە ناکۆکییە دەرەکییەکان خۆی بەدوور بگرێت، لەنێویاندا شەڕی غەززە.
هەرچەندە ترەمپ خۆی بە پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ئیسرائیل دەزانێت، بەڵام داوای لە ئیسرائیل کردووە کە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکەی لە غەززە بهێنێت.
هەروەها داوای ئەوەشی لە ئیسرائیل کردووە ئۆپەراسیۆنەکانی لە لوبنانیش بوەستێنێت.
دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پەلاماردەرانی سەر کۆنگرێس
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا چەندینجار ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ بەشێک لەو کەسانە دەردەکات کە لە رووداوەکەی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 بە تاوانبار ناسێندراون و سزادراون.
رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 بەشێک لە لایەنگرانی ترەمپ هێرشییان کردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەوەش دوای ئەوەی جۆ بایدن کە ئەو کاتە بەرژێری دیموکراتەکان بوو بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا و رکابەری دۆناڵد ترەمپی دەکرد و بە براوەی هەڵبژاردنە دەستنیشان کرا.
لە رووداوەکە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و ترەمپیش بە "هاندان بۆ تووندووتیژی" تۆمەتبار کرا. هەروەها زیاتر لە هەزار و 100 کەسیش دەستگیر کران.
ترەمپ لەماوەی رابردوو، هەوڵیداوە کە ئەو کەسانەی لە رووداوە بە "ئاژاوەگێڕ" تۆمەتبار کراون بە "بەندکراوی سیاسیی" بیانناسێنێت، بەوەش رێگەی ئازادکردنییان ئاسانتر دەبێت.
باشترکردنی ئابووری
یەکێک لە پرسە هەرە گرنگەکانی ئەمریکا بۆ ئەو هەڵبژاردنە، پرسی ئابووریی ئەمریکا بوو. ترەمپ بەڵێنی دا کە کۆتایی بە هەڵاوسان بێنێت، کە لەسەردەمی ئیدارەی بایدن بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز بووبوویەوە.
ترەمپ بەڵێنیشی دا کار لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی باج دەکات و باجی سەر ئەو پارەیە هەڵدەگرێت کە کامەندان و کرێکاران جگە لە مووچە و کرێکەیان وەکو "بەخشیش" وەریدەگرن، ئەوەش کاریگەری باشی لەسەر دۆخی ئابووری خەڵک دەبێت.
هەروەها ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژارندا پێشنیازی کرد لانیکەم 10٪ـی رێژەی باج لەسەر کاڵای هاوردەکراو زیاد دەکات بۆ ئەوەی کورتهێنانی بازرگانی کەمبکاتەوە.
نەهێشتنی پابەندییەکانی تایبەت بە کەشوهەوا
لە خولی پێشووی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ ژمارەیەک پابەندی ئەمریکای تایبەت بە کەشوهەوای هەڵوەشاندەوە، دیارترینیان کشانەوەی ئەمریکا بوو لە رێککەوتنی پاریسی تایبەت بە کەشوهەوا کە لە ساڵی 2015 لەنێوان 195 وڵات واژۆ کرابوو.
ترەمپ لە بانگەشەی ئەمجارەشیدا بەڵێنی دا پابەندییەکانی ئەمریکا تایبەت بە کەشوهەوا کەمبکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی یارمەتی بووژانەوەی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی وڵاتەکەی بدات.
ترەمپ چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی و بەڵێنی داوە رێگە لە ئامانجەکانی بایدن دەگرێت کە دەیویست روو لەو ئۆتۆمبێلانە بکات کە بە دۆستی ژینگە هەژمار دەکرێن.
دوورخستنەوەی جاک سمیس
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی بە لایەنگرانی داوە ئەگەر بە براوەی هەڵبژاردنەکە دەستنیشان بکرێت، ئەوا "دوو چرکە دوای دەستبەرکاربوون"ـی جاک سمیس، راوێژکاری تایبەت وەزارەتی دادی ئەمریکا لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە.
هەریەکە لە تۆمەتەکانی تایبەت بە "شاردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان" و "هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێری" کە ئاراستەی ترەمپ کراون، لەلایەن جاک سمیسەوە دژ بە ترەمپ جووڵێندراون.
ترەمپ نکۆڵی لە هەردوو کەیسەکەی دژی دەکات و خۆی بە بێتاوان دەزانێت، هەروەها سەرکەوتوو بوو رێگە لە هەردوو کەیسەکە بگرێت، پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەرەو دادگە پەلکێشی بکەن.
هەروەها ترەمپ جاک سمیسی بەوە تۆمەتبار کردووە کە "کەمپەینی سیاسی نادادپەروەرانە" دژ بە ترەمپ دەکات.