لە هۆڵەندا کۆچبەرێک بۆئەوەی دیپۆرت نەکرێتەوە، بە ئۆتۆمبێل لە ژنێک دەدات
رووداو دیجیتاڵ
کۆچبەرێک بۆئەوەی دیپۆرتی وڵاتەکەی نەکرێتەوە، تاوان لەدوای تاوان دەکات، دوایینیان ئەوە بووە کە بە ئەنقەست بە ئۆتۆمبێل لە پیرەژنێک و سەگەکەی دەدات و دواتر خۆی رادەستی پۆلیس دەکات.
"یڵماز چ."ی تەمەن 52 ساڵ کۆچبەرێكی بە رەچەڵەک تورکە، پارساڵ لە هۆڵەندا بە ئەنقەست بە ئۆتۆمبێل لە ژنێکی بەساڵاچووی دا و پێیوابوو "ئەگەر بچێتە زیندان، دەوڵەت ئاگاداری دەبێت."
دادگای ئۆترێخت بە تاوانی بریندارکردنی بە ئەنقەست لە شارۆچکەی سۆێست سزای 12 ساڵ زیندانیی بەسەر "یڵماز چ."دا سەپاند. دادگە هەروەها بڕیاری دا تۆمەتبارەکە دوای تەواوکردنی سزاکەی لە ماوەیەکی کورتدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی هۆڵەنداوە رەوانەی تورکیا بکرێتەوە. بڕیارەکەی دادگە لەلایەن قوربانییە تەمەن 73 ساڵەکە و خێزانەکەیەوە قبووڵ کرا.
داواکاری گشتی ئۆترێخت، بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ کوشتن" داوای سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ "یڵماز چ." کردبوو. بەو هۆیەوە ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە سزای 12 ساڵ زیندانیکردن، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی ئەگەر لە ئەنجامی تانەدان سزاکەی زیاد بکرێت ئەوا "یڵماز چ." لە هۆڵەندا زیاتر دەمێنێتەوە، تانەی لە بڕیاری دادگە نەدا.
دوای دیپۆرتکردنەوەی "یڵماز چ." بۆ ماوەی 10 ساڵ چوونە ناو هۆڵەندای لێ قەدەخە دەکرێت.
ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە هۆڵەندا زیندانی کراوە، بەگوێرەی میدیاکانی هۆڵەندا، بەهۆی تاوانی کوشتن و بریندارکردنی بە ئەنقەست لە هاتووچۆدا، دوو جار حوکم دراوە. بەو هۆیەوە لە ساڵی 2021دا مافی نیشتەجێبوونی لەو وڵاتە لێسەندراوەتەوە.
"یڵماز چ."، کە ماوەیەک ون بوو، بەردەوام بوو لە ژیان و کارکردن بە شێوەیەکی نایاسایی.
بەپێی تۆمارەکانی دادگە "یڵماز چ."، داهاتی پێویستی نەبووە بۆ ئەوەی بژی، بە مەبەستی سوودمەندبوون لە دەرفەتە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتی هۆڵەندا بڕیاریداوە بە ئەنقەست تاوان بکات.
بەپێی راگەیێندراوەی پۆلیس کە لە تۆمارەکانی دادگەدا هەبووە، "یڵماز چ." پارساڵ لە شارۆچکەی سۆێست لە نزیک شاری ئۆترێخت بە ئۆتۆمبێل خۆی کێشاوە بە ژنێکی تەمەن 73 ساڵ و سەگەکەیدا. دوای رووداوەکە چووەتە بنکەی پۆلیس و خۆی رادەست کردووە.
لە دانیشتنی دادگە ئاماژەی بەوەداوە، شەوی پێش رووداوەکە جانتاکەی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بچێتە زیندان و گوتیشی: "بڕیارم دا بچمە زیندان، چونکە پێموابوو دەچمە زیندان و دەوڵەت بە هەر شێوەیەک بێت چاودێریم دەکات".
چارەسەری ژنە بەساڵاچووە هۆڵەندییەکە کە لە رووداوەکەدا قاچەکانی بە سەختی بریندار بوو، لە نەخۆشخانە بەردەوامە.
کوڕی ژنە بریندارەکە بەناوی رالف دی باکەر بە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی وڵاتەکەی راگەیاندووە، پێشوازی لە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی "یڵماز چ." دەکەن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، باکەر ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان نایانەوێت داواکاری گشتی ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگە و گوتی، "هەرچەندە زیاتر لە زینداندا بیهێڵیتەوە، پلانە نەخۆشەکەی پەسند دەکەیت بۆ ئەوەی لە 'هۆتێلی دەوڵەتی هۆڵەندا' چاودێری بکرێت ."
بەپێی زانیارییەکان "یڵماز چ." لە ساڵی 2002 بە تۆمەتی کوشتن سزای 12 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. لە ساڵی 2018 ـدا "یڵماز چ."، بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست بە ئۆتۆمبێلەکەی لە کەناری رێگاکەدا خۆی لە ژن و مێردێک داوە، سزای 14 مانگ زیندانیکردن و قەدەخەکردنی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بۆ ماوەی یەک ساڵ بەسەردا سەپێنراوە.