کامالا هاریس.. لە گوندێکی هیندستانەوە بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ 

دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ئەمریکا و سەرکەوتنی جۆ بایدن بۆ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکا ژنێک بووە جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناوی چووە مێژوو. 
 
کامالا هاریس، باپیرانی خەڵكی گوندێکی هیندستانن، باوکی بە رەچەڵەک هیندی و دایکیشی جامایکییە، هەردووکیان کۆچبەربوون لە ئەمریکا، دەبێتە یەکەم ژن پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەربگرێت، دانیشتووانی گوندەکەی باپیرانی کامالا دڵخۆشن بە سەرکەوتنی، لە نێوخۆی ئەمریکاش رەشپێستەکان چاویان لەوەیە کامالا کاریگەری لەسەر ئیدارەی ئەمریکا هەبێت و جیاوازی و نەژادپەرستی نەهێڵێت، خۆیشی ئەوە دووپات دەکاتەوە .
 
دوای ئەوەی جۆ بایدن دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا یەکسەر پەیوەندی بە بایدنەوە دەکات و لە تویتەر بڵاوی دەکاتەوە، پیرۆزبایی لە یەکدی دەکەن و دەڵێت، جۆ بەیەکەوە ئەنجاممان دا، تۆ دەبیتە سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 
 
چیرۆکەکەی کامالا هاریس سەرنجڕاکێشە، باپیرانی لە گوندی تولاسندرا پورام ژیاون، کچی دوو کۆچبەری جامایکی و هیندییە، دانیشتووانی گوندەکەی باپیرانی کامالا دڵخۆشن بەو سەرکەوتنەی و پەیامیشی بۆ دەنێرن، گوندەکە 350 کەسی لێ دەژین و خەڵکەکەشی پەرۆشی سەرکەوتنی هاریس بوون. 
 
ئارولمۆجی سودهەکار، دانیشتووی گوندی تولاسندراپوورام دەڵێت "زۆر دڵخۆشین، پیرۆزبایی لە کامالا هاریس دەکەین، لە سێی مانگەوە چاوەڕێی سەرکەوتنی دەکەین و زۆر دڵخۆشین بە سەرکەوتنەکەی و دیسان پیرۆزبایی لێدەکەین."
 
دانیشتووانی گوندەکە بە زمانی هیندی و ئینگلیزی بە کامالا دەڵێن، "شانازیت پێوەدەکەین"، لە گوندەکەدا پۆستەری گەورەی هاریس هەڵواسراوە و خەڵكیش بەدوای ئەنجام و زانیارییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتین، نەژادپەرستی وەکو کامالا دەڵێ یەکەم کارە رووبەڕووی بێتەوە، ئەو لە بانگەشەکانیدا بەردەوام جەختی لە یەکسانی کردووەتەوە، یەکسانی ژن و پیاو یەکسانی هەموو ئەمریکییەک.
 
د.دانا ویلیامز، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هاوارد  ئاماژە بەوە دەدات کە خەڵک بەردەوام دەڵێن ژنانی رەشپێست دیموکراسی ئەمریکا رزگاردەکەن، "ئەوە راستە، ژنانی رەشپێست بەردەوام دەنگ بە خۆیان دەدەن، دەنگ بە خۆیان و مافی کۆمەڵگەکەیان و منداڵان و نەوەکانیان دەدەن، کە هێشتا لەدایک نەبوون، ژنانی رەشپێست تێدەگەن سەنگی مەحەک لێرە چییە؟ ئەوان نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگەکەیان دەنگ دەدەن."
 
رەشپێستەکان چاوەڕوانی زۆریان لە کامالا هەیە، زیاتر لەوەش خەڵك بە گشتی لە ئەمریکا چاوەڕێن بایدن و کامالا یەکسانی بۆ نێو ئەمریکییەکان بگەڕێننەوە، هەر ئەوەش وایکرد زۆربەی رەشپێستەکان دەنگ بدەنە بایدن و هیوا لەسەر دەنگەکانیان هەڵبچنن .