سەرۆکی ژووری بازرگانیی ناشڤێڵ: دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ هەولێر بدەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی شاندی پارێزگای هەولێر و ژووری بازرگانیی ناشڤێڵ بەڕێوەچوو. ئامانج لەو کۆبوونەوەیە دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ناشڤێڵ و هەولێرە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی ناشڤێڵ دەڵێت، "دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ هەولێر بدەین".
راڵف شوڵز، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ناشڤێڵ گوتی، ''نزیکەی 15 هەزار کەس دەبن لێرە و دەستیان بە کاری بازرگانی کردووە، بۆیە دەتوانین پەیوەندی لەنێوان بازرگانانی کورد لێرە و لە هەولێر دروستبکەین، بەڵام هەرشتێکیش پەیوەندی بە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلەوەبێت، یان پەیوەندی بە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە هەبێت، یان کاری لۆجستی، گواستنەوەی کاڵا و بەرهەمەکان، ئەمان هەموو پەیوەندیی بازرگانیی باش دەبن کە لەگەڵ ناشڤێڵ دا دروستبکرێن.''
بەرپرسانی ناشڤێڵ چاویان لەوەیە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ هەولێر فراوانتر بکەن و هانی کۆمپانیاکانی ئەمریکاش دەدەن روو لە هەولێر بکەن. شاندی هەولێریش، دەیەوێت بۆ گرنگیدان بە وەبەرهێنانی دوور لە سێکتەری نەوتی، سەرنجی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە شارەکەیان رابکێشێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ''ئێستا ئێمە لەسەروبەندی دروستکردنی هەردوو ژووری بازرگانییەکانداین، دواجار سەرمایەدارەکانی ئێمەن، بازرگانەکانی ئێمەن لە رێگەی ژوورە بازرگانییەکان ئەو پەیوەندییە دروستدەکەن، ئێمەش هیوادەخوازین بازرگان و کۆمپانیاکانی ئێمە ئەو دەرفەتەیان هەبێت لێرە کاربکەن، لێرە لە نێو کۆبوونەوەکەدا ئەو بەڕێزەی قسەی کرد، بەراوردێکی جوانی کرد، گوتی 'لای ئێوە توانای مرۆیی هەیە، بەڵام رەنگە لە رابردوودا دەرفەت لەبارنەبووبێت'، ئەم
هاوبەشیکردنە وادەکات ئەو بۆشاییانەی لە هەولێر هەن، ناشڤێل پڕیان بکاتەوە، ئەوانەی لە ناشڤێڵ هەن، هەولێر دەتوانێت بەجۆرێک هاوکاربێت و پڕیان بکاتەوە.''