دیپلۆماتەکانی ئێران دوای بڕیاری دەرکردنیان، ئەلبانیا جێدێڵن


رووداو دیجیتاڵ

ستافی باڵیۆزخانەی ئێران لە پایتەختی ئەلبانیا بەدرێژایی شەوی رابردوو سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیان بوون بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە جێبێڵن، چونکە ئەلبانیا پێیوایە ئێران لە پشت هێرشێكی گەورەی ئەلیکترۆنییە بۆ سەر ماڵپەڕەکانی حکومەت، بۆیە 24 کاژێر مۆڵەتی بە دیپلۆماتەکانی ئێران داوە ئەو وڵاتە جێبێڵن و بگەڕێنەوە تاران. 
 
ئەمە یەکەمجارە وڵاتێک بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا ببڕێت. لە چوارشەممەوە تا پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی ئێران لە شاری تیرانا بێ وچان بەردەوامبوو لە کارکردن. بەرمیلێکی بەتاڵ بردرایە حەوشەی باڵیۆزخانەکە و دواتر بەڵگەنامەکانیان تێدا سووتاند. 
 
ئۆتۆمبێلێکی دیپلۆماسی چەند جارێک لە باڵیۆزخانەکە چووە دەرەوە و گەڕایەوە، لە کاتێکدا پۆلیسێکی ئەلبانی پەیوەندیی بە باڵیۆزخانەکەوە دەکرد. پاشان دوو پۆلیس چوونە نێو باڵیۆزخانەکەوە و دواتر بەجێیانهێشت. 
 
ستافی باڵیۆزخانەی ئێران تاوەکو کاژێر 1:00ی دوای نیوەڕۆی بە کاتی هەولێریان لەبەردەستدە بۆ ئەوەی ئەلبانیا جێبێڵن. 15ی تەممووز هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووە هۆی داخرانی ژمارەیەک پێگەی ئەلیکترۆنیی حکومەتی ئەلبانیا.
 
ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، رۆژی چوارشەممە گوتی، "بەڵگەی حاشاهەڵنەگر" هەیە حکومەتی ئێران لە پشت هێرشەکەوە بووە. 
 
ئەمریکا پاڵپشتی لە هەنگاوەکەی ئەلبانیای هاوپەیمانیی ناتۆ کردووە و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی لە دژی ئێران داوە لە بەرامبەر ئەنجامدانی ئەو شتەی کە بە "پێشهاتێکی نیگەرانکەری بواری ئینتەرنێت" ناوی دەبات. 
 
ئێران سەرکۆنەی دەرکردنی دیپلۆماتەکانی کرد و بە هەنگاوێکی خوێندنەوە بۆ نەکراو ناویبرد.