زیاتر لە 50 کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆنان گیریان خواردووە؛ "زۆربەیان کوردی باشووری کوردستانن"
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان لە ئەوروپا دەڵێت، سێ رۆژە زیاتر لە 50 کۆچبەر لە تورکیاوە بەرێکەوتوون بە مەبەستی گەیشتن بە ئیتالیا، بەڵام لە کەناراوەکانی نافپلیۆن گیریان خواردووە.
رۆژی سێشەممە، 08-08-2023 پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان لە ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو کۆچبەرانە زۆربەیان کوردی باشووری کوردستانن، لە کاژێر 5:00ـی بەیانی ئەمڕۆوە بەلەمەکەیان لە باشووری رۆژئاوای کەناراوەکانی نافپلیۆن پەکی کەوتووە.
بە گوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا، "نزیکەی 12 منداڵ و شەش ژنیان لەگەڵدایە و دوای پەککەوتنی بەلەمەکەیان، بەشێکیان و بەشێک لە کەسوکاریان پەیوەندییان پێوە کردووین بۆ ئەوەی بە هانایانەوە بچین" و دەڵێت، "زۆربەیان خەڵکی قەڵادزێ و حاجیاوان."
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان لە ئەوروپا گوتی، هێزی دەریاوانی ئاگادارکراونەتەوە و سەرقاڵی رزگارکردنیانن.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتەوە وڵاتانی ئەوروپا، لەو ژمارەیەش 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە پێنج مانگی سەرەتای 2023دا نزیکەی هەزار کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.