ئەمریکا بڕیاری ناردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکراینا دەدات


رووداو دیجیتاڵ

کیێڤ داوای سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکهاوێژی دوورمەودا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا بۆسەر پێگەکانی سوپای رووسیا سوودیان لێ وەربگرێت.

ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، "بێ چەکی دوورهاوێژ، نەک تەنیا سەختە ئەرکێکی هێرشکردن بکەیت، بەڵکو سەختە ئۆپەراسیۆنێکی بەرگریش بەردەوامی پێبدەیت. ئەمەش واتای ئەوەیە لەکاتێکدا وڵاتەکەی خۆت دەپارێزیت، ناتوانی بگەیتە ئەو دوورییەی دوژمنەکەتی لێیە."
 
دوایین داواکاریی ئۆکراینا بۆمبی هێشووییە و دەڵێن، دابینکردنی کاریگەریی زۆر باشی لەسەر هێرشە پێچەوانەکەی دەبێت. ئەمریکاش داواکارییەکە جێبەجێ دەکات. 
 
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "ئۆکراینا داوای بۆمبی هێشوویی دەکات بۆ ئەوەی سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت. ئەو بۆمبە هێشووییانەی ئێمە دەیاندەینە ئۆکراینا رێژەی شکستهێنانی لە تەقینەوە زۆر زۆر لە خوار ئەوەی رووسیاوەیە و کەمترە لە 2.5%."
 
ئەمە 42ـەمین گوژمەی هاریکاریی ئەمریکایە بۆ ئۆکراینا لە دەستپێکی هێرشەکانی رووسیاوە بۆسەر ئەو وڵاتە. مووشەکی سیستمەکانی پاتریۆت و هایمارز بەشێکن لە هاریکارییە 800 ملیۆن دۆلارییەکەی واشنتن بۆ کیێڤ. بەمەش تێکڕای هاریکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لە سەرەتای جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە گەیشتە 41.3 ملیار دۆلار.