ژان لویس بورلانژ: لەو باوەڕەدام کە مارین لوپێن وەکو سەرۆک هەڵنابژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی فەرەنسا لە بارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە کە بڕیارە 10ـی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت، رایگەیاند، پێیوایە ماکرۆن چانسی زیاترە ببێتەوە بە سەرۆککۆماری فەرەنسا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا توانی سەرکەوتووانە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە. لە بارەی خاتوو لوپێن کە بەربژێرێکی بەهێزی سەرۆکایەتیی فەرەنسایە گوتی، "لەو باوەڕەدام کە مارین لوپێن وەکو سەرۆک هەڵنابژێردرێت."
ژان لویس بورلانژ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی لەگەڵی ئەنجامیدا، لە بەشێکی قسەکانیدا لەبارەی شەڕی ئۆکراینا - رووسیا و لێکەوتەکانی باسی لەوە کرد: "من نازانم ئەم شەڕە چەند دەخایێنێت، شتێک کە منیش دەترسم ئەوەیە کە ماوەیەکی درێژ بخایەنێت، چونکە رووسیا ناتوانێت لەم شەڕەدا سەربکەوێت و ناشیەوێت بدۆڕێت، ئەوکاتە خواستی ئەوە دەبێت درێژە بە شەڕەکە بدات، چونکە تەنیا بەردەوامیی شەڕ وادەکات کە بڵێن تووشی شکست نەبوون، شتێکی تراژیدی لە شەڕەکەدا ئەوەیە کە بە تەواوی نەرێنییە، ئەوەیە کە شەڕێکە هەموو لایەنەکان تێیدا شکستیان هێناوە، ئۆکراینییەکان دەبینین وڵاتەکەیان وێران دەبێت، رووسەکان دەکەونە ژێر سزاکانەوە بەهۆی دیکتاتۆرییەتی پووتینەوە، وڵاتانی رۆژئاوا بێگومان لە گەشەکردنی ئابوورییدا دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەنجامەکانی ئەم شەڕەوە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵ ئێمەیت.
ژان لویس بورلانژ: زۆر خۆشحاڵم وەڵامی پرسیارەکانی ئێوە بدەمەوە.
رووداو: ئەگەر تەماشا بکەین، بە گوێرەی راپرسییەکان، ماکرۆن چەند خاڵێک لەپێش لوپێنەوەیە؛ بۆچی بیرکردنەوەی فەرەنسییەکان بەرەو داخراوی دەڕوات؟
ژان لویس بورلانژ: پێموایە ئەمە دیاردەیەکی کلاسیکە کە کەسێک کاتی سەرۆکایەتی کۆتاییدێت و جارێکی دیکە خۆی بەربژێر دەکاتەوە، دەبینێت کە ژمارەیەک کەس دەنگی پێنادەنەوە، ئەمە کاریگەریی بانگەشەی هەڵبژاردنە، لەلایەکی دیکەشەوە سەبارەت بە خاتوو لوپێن، دەبێت ئێمە بزانین کە رکابەرییەکی زۆر بەهێز لەنێو راستڕەوی تووندئاژۆدا فەرەنسا هەیە، خاتوو لوپێن دەنگی لە بەربژێرەکەی دیکە بەڕێز 'زەمموۆر' بردووە، بەڵام بە بڕوای من فەرەنسییەکان بژاردەیەکی زۆر روون هەڵدەبژێرن و بۆ ئەوەش بەڕێز ماکرۆن نوێنەرایەتییەکی لەو جۆرە دەکات، سیاسەتێکی راستڕەوی تووندئاژۆ، بە باوەڕی من، ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ ئەوەدا نییە فەڕەنسییەکان دەیانەوێت، بەڵام دەنگدەر ئەم بڕیارە دەدات.
رووداو: ئایا هاتنەسەرەکاری تووندئاژۆکان وەکو لوپێن دەبێتە کێشە بۆ فەرەنسا؟
ژان لویس بورلانژ: بەڕاستی لەو باوەڕەدام کە مارین لوپێن وەکو سەرۆک هەڵنابژێردرێت، بەڵام دەکرێت من هەڵەبم تۆ ڕاست دەکەیت. لوپێن بانگەشەیەکی زیرەکی ئەنجامداوە و تێیدا هەوڵدەدات ناکۆکییەکان کەمبکاتەوە و خۆی وەکو بەربژێرێکی مۆدێرن پیشانبدات، بەڵام لە راستیدا بژاردەکانی ئەو زۆر مەترسیدارن، چ بۆ یەکپارچەیی وڵات بە تایبەتی بۆ تێکەڵکردنی ئەو پەنابەرانەی کە زۆرینەیان موسڵمانن لەگەڵ فەرەنسییەکانی دیکەدا و چ بۆ تەواوی بژاردە ئابووری و سیاسییەکانی ئەوروپایەک کە ئێمە هەڵیدەبژێرن، شتێکی لەو جۆرە هەواڵێکی زۆر زۆر خۆش دەبێت بۆ پووتین و هەواڵێکی زۆر زۆر خراپیش دەبێت بۆ دیموکراتیخوازان.
رووداو: چەند هەفتەیەکە ئێمە چاودێری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکەین، دەبینین رادیکاڵە راستڕەوەکان تاوەکو دێت دەنگیان زیاتر دەبێت، لەکاتێکدا سۆسیالیستەکان، چەپەکان دەنگیان کەم دەبێتەوە، دەگوترێت ماکرۆن لە سیاسەتی دەرەوەدا هەندێک هەڵەی کردووە، بەڵام بەڵام لە سیاسەتی دەرەوەدا بە کاپتنی قەیرانەکان ناودەبرێت؛ ئایا هەڵەی پارتەکانی دیکە نەبوو ئەو دەرفەتەیان رەخساند کە راستڕەوەکان دەنگی زۆرتر بەدەستبهێنن.
ژان لویس بورلانژ: پێموایە کە نابێت بۆ هەموو پارتەکان و پشتیوانانی ئیمانوێل ماکرۆن شرۆڤە بکەین، لەم کاتەدا کە ئێمە قسەدەکەین هێشتا ماکرۆن لە پێش هەموو بەربژێرەکانەوەیە، ئەو بە روونی لەپێشەوەی هەموو بەربژێرەکانەوەیە، لە بەرامبەریشیدا قەیرانێکی قووڵ هەیە لەنێو پارتە راستڕەوەکان و چەپە کلاسیەکەکانیشدا. پارتی کۆمارییەکان کە مێژووی ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ پارتی De Gaulle بەڕاستی لەنێو قەیراندایە، پارتی سۆسیالیستی کە پارتی پێشووی بەڕێز میتەراندە لە راستیدا لەنزیکی لەنێوچووندایە. لێرە بەڕاستی ئەم دوو پارتە لە قەیراندان، شتێک کە ئێوە بە روونی دەیبینن ئەوەیە کە ژمارەی دەنگدەرانیش بۆ بەڕێز ماکرۆن زۆرە و پشتگیریکردن لێی بەرزە، ئەوەش بە هۆکاری شەڕی ئۆکراینا، شەڕی ئۆکراینا دەریخست چۆن ببیتە سەرکردە، واتا سەرکردەی وڵات لەسەردەمی شەڕدا؛ بێگومان شەڕ نەیهێشت کە بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت و کاتێکیش دەست بە کامپەینی هەڵبژاردن کرا، رێژەی دەنگەکان زیاتربوون؛ ئەمە دوو دیاردەی زۆر جیاوازن سەبارەت بەو پرسیارەی تۆ کردت.
ئەوەی کە پەیوەندی بە بەرپرسیارییەتییەوە هەیە کە ماکرۆن جێبەجێی کردووە، دەبێت سەرەتا ئێمە بڵێین کە هەڵوێستی ماکرۆن زۆر بەهێزبوو، بەڕاستی سەرهەڵدانێک هەبوو، تووندوتیژی نەبوو، بەڵام شەپۆلێکی ناڕەزایی هەبوو و لە سەرەتای کاتی سەرۆکایەتی ئەودا کە جووڵەی ئێلەک زەردەکانی پێدەگوترێت، هەروەها ئەو وەکو هەموو جیهان رووبەڕووی شتێکی زۆر شۆکهێنەربووەوە کە کۆڤید 19 بوو، دواتریش ئەم شەڕە کە هێرشە بۆسەر ئۆکراینا، واتا ئەو رووبەڕووی زەحمەتی زۆر گەورە بووەوە، من لەو باوەڕەدام کە فەرەنسییەکان دەزانن کە ئەو بە گشتی بە شێوەیەکی راست بەرامبەر دۆخەکە هەنگاوی ناوە، ئەو هەروەها لە بەرامبەر ئێلەک زەردەکان گفتوگۆی هەڵبژارد و گوێی لێیان گرت، لە بابەتی کۆڤیدیشدا بڕیار و رێکاری پێویست گیرانەبەر راستە قورس بوون، چونکە دۆخەکە لە فەرەنسا درێژەی کێشا و دەبوو فەڕەنسا کاری لەسەربکات. رێکار و هەنگاوەکان بە تەواوی راست بوون، چ سەبارەت بە پەتای کۆڤید، چ سەبارەت بە ئۆکراینا، بژاردەی گرنگ هەڵبژێردران، واتە ئەنجامی کۆتایی هەنگاوەکان باش بوو، بەڵام شتێکی راست هەیە ئەوەیە کە فەرەنسییەکانیش حەز بە گۆڕانکاری دەکەن، بیرۆکەی گۆڕینی سەرۆک بیرۆکەیەکە کە هەمووکاتێک دێت بە بیری ئەواندا، بە سادەیی ئەمجارە ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە لە بەرژەوەندی خاتوون لوپێندا بکرێت، جێگەی مەترسییەکی راستەقینە دەبێت، بۆیە منیش هیوایەکی گەورەم هەیە کە گۆڕانکاری دروستنەبێت و فەرەنسیەکان لەسەر رێگەی هەمیشەیی و بەرپرسیاریی و دیموکراتی بەردوام بن لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن.
رووداو: ئێوە و پارتەکەتان پشتگیری ماکرۆن دەکەن؛ ماکرۆن چی نوێی پێیە بۆ گەلی فەرەنسا؟ بەڕێزتان ئاماژەتان بە هەندێک خاڵی گرنگ دا، بەڵام ئەو دەرفەتە نوێیانە چین بۆ خەڵکی فەڕەنسا؟
ژان لویس بورلانژ: ئەمە پرسیارێکی باشە، کاتێك کە تۆ بەربژێر بیت بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، خەڵک گازندەت لێدەکەن ئەگەر هەمان شتی پێشوو بکەیت یانیش کە تۆ پێچەوانەکەی بکەیت، واتا هەموو کاتێک زۆر زەحمەتە، من باوەڕم وایە کە دۆخەکە روونە، هەندێک شت هەن کە نەکراون، بەتایبەتیش ئێمە دەمانەوێت رێگەی دیموکراتی خۆمان نوێ بکەینەوە. ئێمە پەرلەمانێکمان دەوێت بەشێوەیەک هەڵبژێردرێت کە نوێنەرایەتی تەواوی هێزە سیاسییەکان بکات، ئێمە دەمانەوێت رێکخراوە خۆجێییەکان لە ناوچە و هەرێمەکان زیاتر ببووژێنینەوە، دەمانەوێت پێشکەوتنێکی دیموکراتی گەورە هەبێت، دەمانەوێت دیموکراسییەتی خۆمان تەواو بکەین.
دووەم شت ئەوەیە کە ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا لەپێشمانن، راپۆرتەکان کە لەلایەن رێکخراوەکانەوە ئامادەکراون، ئەوە دەخەنەڕوو کە مەترسییەکی گەورەی گۆڕانی کەشوهەوا هەیە و دەبێت کارێکی گەورەتر بکەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ببینەوە، هەم لە فەرەنسا و هەمیش لە ئەوروپا و جیهان. پێویستە ئێمە هاوکاریی وڵاتان بکەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ببنەوە.
سێیەم؛ ئێمە لەبەردەم شتێکی زۆر مەترسیدارداین کە سیاسەتی دوژمنکارانەی رووسیایە و دەبێت سەرنج بخەینەسەر دروستکردنی ئەوروپایەکی بەهێز، لەوەش زیاتر باشتر دەبێت ئێمە هێزەکانی ئەوروپا بکەینە یەک، وەکو ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، وڵاتانی باکووری ئەوروپا، ئیسپانیا، فەرەنسا و پۆڵەندا؛ دەبێت ئێمە ئەو هێزانە بکەینە یەک لەبەر ئەوەی ئیدی ناتوانین رێگەبدەین کە بە شێوەیەکی جیا جیا مامەڵە بکەن. لەسەر ئاستی نێوخۆییش دەبێت هەوڵی تەواو بدەین بۆ ئەوەی خەرجی گشتی کەمبکەینەوە، سیستمی پەروەردە و زانستمان بەرەو پێشەوە ببەین. ئەمە کاری لەپێشینەی سیاسەتی ئێمەیە کە دەمانەوێت بەڕێوەی ببەین، ئەمەش پێچەوانەی ئەو شتانە نییە کە تاوەکو ئێستا ئێمە کردوومانە، بەڵام پەلەکردن تێیدا زۆر گرنگە.
رووداو: بەڕێزتان دڵنیان لەوەی کە سەرۆک ماکرۆن لە گەڕی دووەمدا سەردەکەوێت؟
ژان لویس بورلانژ: هەرگیز نابێت کەسی دیموکراتخواز بڵێت کە ئەنجام وەرگیراوە پێش ئەوەی هاووڵاتی دەنگەکەی دابێت، بەڵام من هیوام هەیە و باوەڕیشم هەیە کە بژاردەی بنەڕەتی بۆ ئیمانیۆل ماکرۆنە و زۆرینە پشتیوانی ئەو دەکەن؛ ژمارەیەکی زۆر گەورەی فەرەنسییەکان پشتیوانی ئەوە دەکەن، تەنانەت ئەو فەڕەنسیانەی ناڕازین یان رەخنەی لێدەگرن، یانیش دەیانەوێت هەنگاوی بەپەلەتر بنرێت، یان کە شتێکیان بۆ چینی کۆمەڵایەتی خۆیان دەوێت، دواجار پێموایە زۆرینەیەکی گەورە لە فەرەنسا دەزانن کە بژاردەی ئێمە بژاردەی ئابوورییەکی چالاک، پشتبەستوو بە بازاڕ، بژاردەیەکی دیموکراسی فرەچەشن و کراوەیە، بژاردەی ئەورپایەکی بەهێزکراو، بژاردەیەکە بەم ناوەوەیە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت فەرەنسا سەربکەوێت و خۆی بپارێزێت بۆ داهاتووی جیهانێکی پڕ لە ئاشتی، بۆیە من لەوباوەڕەدام کە ئەرکی ئێمە ئیستا ئەوەیە کە ئەم بناخەیە هەموو فەرەنسییەکان بە باشی لێی تێبگەن، چونکە ئەوان دەزانن کە بناخەکە بۆ ئەوان دانراوە.
ئەمە ئاڵنگارییەکی زۆر گەورەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی. بێگومان فەرەنسا وەکو هەموو وڵاتێکی دیکەی جیهان و هەموو گەلان، کولتووری جیاوازی تێدایە، لە راستیدا خەڵک هەمان جلوبەرگ لەبەرناکەن، بەهەمان شێوەی یەکتر نوێژ ناکەن، بە هەمان زمانیش قسە ناکەن، هەرشتێکی دیکە کە جیاوازی دروستدەکات هەموو کاتێک جێگەی نیگەرانییە، بە بڕوای من فەرەنسییەکان دوو شت دەزانن، لە فەرەنسا نزیکەی پێنج ملیۆن موسڵمان هەن، چ ئەوانەی تازە هاتوونەتە فەرەنسا و چ منداڵێک کە نەوەی ئەوانە بێت زووتر هاتووەتە فەرەنسا، فەرەنسییەکان تەنیا کاتێک باش دەژین ئەو پێنج ملیۆن موسڵمانە تێکەڵی کۆمەڵگەی فەرەنسی بن.
کەسانی راستڕەوی وەک بەڕێز زیمۆر هەموو کاتێک ئەوە رەتدەکەنەوە کە چارەسەرێک هەبێت بۆ پرسی ئەو موسڵمانانەی لە فەڕەنسادان، بەڵام ئێمە دەڵێین دەبێت پەنابەر لەگەڵ کۆمەڵگەی فەرەنسی تێکەڵ بکرێت، بەتایبەت ئەو موسڵمانانەی لە فەڕەنسا دەژین، باوەڕێکی دیکەی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە سێکیولاریزمە، واتا جیاکردنەوەی پابەندبوونی بیروباوەڕی هەموو کەسێک، چ کاسۆلیکی بێت، پرۆتستانت بێ، جوو بێت یان موسڵمان، واتا هەرکەس بتوانێت بە ئازادی پابەندیی ئایینی خۆی بێت. لە ئەنجامدا ئەوە سێکۆلاریزمە دەیسەپێنێت کە دەوڵەتی موڵکی ئەم ئایینە یان ئەو ئایینە نییە، ئەوە پرەنسیپی سێکۆلاریزمە کە رووبەڕووی هەندێک شەڕ دەبێتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە ببێتە کلیلێک بۆ پێکەوەژیان لە فەرەنسا. ئێمە لێرە، سەرۆک ماکرۆن، هەروەها هەندێک بەربژێری دیکە و هەندێک حیزب خۆشبەختانە باوەڕمان وایە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە کە تۆ باسی دەکەیت، دەبێت پەنابەرەکان تێکەڵی کۆمەڵگەی فەرەنسی بن؛ هەروەها دەبێت رێز لە ئایینی هەموو کەسێک بگیرێت. نابێت کاسۆلیک یاساکانی خۆی بەسەر موسڵمانەکاندا بسەپێنێت، نابێت موسڵمانەکانیش یاساکانی خۆی بەسەر کاسۆلیکەکاندا بسەپێنێت؛ دەبێت هەموو لایەک رێز لە بێلایەنبوونی دەوڵەت بگرێت؛ ئەمە کۆماری فەرەنسایە.
بە بڕوای من سیناریۆی باش ئەوەیە کە خاتوو 'لوپێن' لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا سەرنەکەوێت، ئەوە شتێکە کە دەبێت ئێمە کاری بۆ بکەین، ئەگەر بۆ بەدبەختی ئەوەی تۆ دەیڵێیت بووە راستی، ئەو کاتە ئاڵۆزییەکی گەورە لە تەواوی وڵاتەکەدا دێتە ئاراوە، مەترسی ئاڵۆزییەک هەیە لە هەڵبژاردندا رووبدات، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە زۆر روون نەبێت، ئەوکاتە خەڵکیش دەترسێت و گرفتی دراویش دروست دەبێت، بۆیە فەرەنسا ناتوانێت رێگە بە خۆی بدات کە بەرنامەی خاتوو 'لوپێن' جێبەجێ بکرێت، چونکە ئیدی ئێمە ناتوانین لەنێو یەکێتی ئەوروپادا کاربکەین، بۆیە هەموو ئەمانە زۆر مەترسیدارن، زۆر زۆر مەترسیدارن. پێموایە هێندە مەترسیدارە کە فەرەنسییەکان ئەم رێگەیە هەڵنەبژێرن، ئێمە دەکەوینە نێوان دوو گەڕی هەڵبژاردنەوە بۆ دوو بەربژێر، بێگومان ئەوکاتە دەبێت سەرنجی کەمپەینی هەڵبژاردن بخەینە سەر ئەو مەترسییانەی کە زۆر گەورەن و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی 'لو پێن' بەسەر وڵاتدا دەیانهێنێت. بە باوەڕی من، خۆشەویستی فەرەنسییەکان بۆ وڵاتەکەیان رێگرییان لێدەکات بژاردەیەکی خراپ هەڵبژێرن و رێگە بدەن لەنێو مێژوویاندا، مێژوویەکی قووڵ، بژاردەی ئازادیی، بژاردەی رێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکانی گەل و بژاردەی پشتگیرییەکی چالاک لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانمان لەنێوبچێت، بەتەواوی بڕوام بە هۆشمەندیی فەرەسنییەکان هەیە.
دوو شت؛ من نازانم ئەم شەڕە چەند دەخایێنێت، شتێک کە منیش دەترسم ئەوەیە کە ماوەیەکی درێژ بخایەنێت، چونکە رووسیا ناتوانێت لەم شەڕەدا سەربکەوێت و ناشیەوێت بدۆڕێت، ئەوکاتە خواستی ئەوە دەبێت درێژە بە شەڕەکە بدات، چونکە تەنیا بەردەوامیی شەڕ وادەکات کە بڵێن تووشی شکست نەبوون، شتێکی تراژیدی لە شەڕەکەدا ئەوەیە کە بە تەواوی نەرێنییە، ئەوەیە کە شەڕێکە هەموو لایەنەکان تێیدا شکستیان هێناوە، ئۆکراینییەکان دەبینین وڵاتەکەیان وێران دەبێت، رووسەکان دەکەونە ژێر سزاکانەوە بەهۆی دیکتاتۆرییەتی پووتینەوە، وڵاتانی رۆژئاوا بێگومان لە گەشەکردنی ئابوورییدا دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەنجامەکانی ئەم شەڕەوە. هەموو جیهان رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە لە گەشەکردن و لە پەیداکردنی خواردندا. هەروەها ئەو کارانەی بۆ کەشوهەوا دەکرێن کاتێک وەبەرهێنەر نەبێت بیانکات رووبەڕووی کێشە دەبنەوە، بۆیە ئەم شەڕە زۆر مەترسیدارە، شەڕێکە کە کەس تێیدا سەرناکەوێت و هەموو کەس تێیدا دەدۆڕێت، بەڵام بۆ ئێمەی فەرەنسییەکان ئەنجامی روون ئەوەیە، یەکگرتنی هێز و وڵاتانی ئەوروپا پتەو بکەین، ئێمە هیچ کاتێک وەکو ئێستا یەکگرتوو نەبووین، لەگەڵ ئەڵمانەکان، لەگەڵ ئیتاڵییەکان، لەگەڵ ئیسپانییەکان، لەگەڵ سکاندەنەیڤییەکان، لەگەڵ سوێدییەکان، باکووری ئەوروپا و فینلەندییەکان رۆژبەڕۆژی یەکێتی نێوانمان بەهێزتر دەبێت. پێموایە ئەمەش رێگە بەوە دەدات کە ئەوروپا تێبگات کە ئیدی دۆخەکە تەنیا پەیوەست نییە بە خەڵکی فەرەنسییەوە، یان نەتەوەی ئیتاڵی یان نەتەوەی ئەڵمانییەوە، بەڵکو گرێدراوە بە تەواوی کۆمەڵگەی ئەوروپییەوە، بۆیە پێموایە ئەمەش دەبێتە رێگەپیشاندەر بۆ ئەوروپا و ئەم هیوایەی من، هەربۆیەش پێم وایە فەرەنسییەکان بژاردەیەکی ئەوروپی هەڵبژێرن لە رۆژانی داهاتوودا؛ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بیرۆکەیەکی گشتی فەرەنسییەکان ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە بمانەوێت داهاتوو بنیاتبنێین، ناتوانین بنیاتیبنێین ئەگەر لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانماندا نەبین، نەخێر بێ ئەوان نابێ.
رووداو: بەڕێز ... دەمەوێ بزانم تاوەکو چەند کێشەی پەنابەران و ئیسلامی سیاسی بوونەتە هۆی زیادکردنی رەگەزپەرستی؛ دەبینین هەندێک لە بەربژێرەکان پرسی کۆچبەران و ئیسلامیان لە فەرەنسا کردووەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن.
ژان لویس بورلانژ: ئێمە، ئێمە بەگوێرەی هێز تەماشا ناکەین، تەنیا شتێک بۆ هێز ئێمە بیڵێین ئەوەیە کە گەلانی ئەوروپا ئەوەندە دەوڵەمەندن بتوانن رێکبکەون لەسەر بەرگریکردن لە خۆیان و وەبەرهێنانی پێویست بکەن، نەوەک ئەوەی هەموو کاتێک لە چاوەڕوانی ئەمریکادا بن بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش. ئەمریکا هاوپەیمانی ئێمەیە، ناتۆ پێشدەکەوێت، من لەو باوەڕەدام لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا هەندێک وڵاتی بێلایەن وەکو سوێد و فینلاند ببنە هاوبەشی ئێمە، واتە ناتۆ یەکگرتوو و بەهێزە، بەڵام ئەوە نابێتە رێگر کە لەنێو ناتۆدا دەبێت هێزی سەرەکی و بەهێزتر و شارەزاتر هەبن؛ لە ماددەی 7ی رێککەوتننامەی ناتۆدا گەرەنتییەک هەیە کە پشتیوانییەکی بەهێز لەنێو ئەندامانی نێو ناتۆدا هەبێت. هەروەها گەرەنتی ئێمە لە چوارچێوەی رێککەوتنی یەکێتی ئەوروپادا هەیە، ئەویش لە ماددەی 42-7ی رێککەوتننامەی یەکێتی ئەوروپادا هەیە کە دەبێت ئەمە زیاتر پێشبخرێت، ئەمە لە نامەی بەڕێز بایدن بۆ بەڕێز ماکرۆندا زۆر بەڕوونی دیاریکرابوو؛ ئەو نامەیەی کە بەیەکەوە واژۆیان کرد لە کۆتایی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا کە تێیدا هاتبوو دەبێت ئەوروپا لە بەرگرییدا خۆی پێشبخات وەکو تەواوکەر، نەک وەکو شوێنگرەوە بۆ پشتیوانی لەنێوان وڵاتانی ناتۆدا، واتا ئەمە دڵسۆزییە بۆ هاوپەیمانیی ناتۆ کە وڵاتانی سەرەکی لەم هاوپەیمانییەتییەدا بەهێز دەکات، چونکە دەکرێت ئەمریکا لەسەرەتادا گوێ لە بابەتی ئازادیی و جووڵەی گواستنەوەی پاراستنی تایوان بگرێت لە زەریای ئارامدا، واتا هێشتا ئاڵنگاری لە زەریای ئارامدا هەیە کە دەبێت ئەمریکا روو لەوان بکات، ئێمە دەبێت بە پشکی خۆمان لەکاردابین بۆ ئاسایشی ئەوروپییەکان، ئەمە تەواوکارییەکی نوێی ئەرکەکانە، دابەشکردنێکی نوێی ئەرکەکانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی یەکگرتوو و پێکەوەبوون کە ئێمە هەوڵی درووستکردنی دەدەین.
رووداو: بەڕێز ژان.. زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، گفتوگۆیەکی گەرمبوو هیوای تەندروستیتان بۆ دەخوازم
ژان لویس بورلانژ: سوپاس. من زۆر خۆشحاڵ بووم کە بەهۆی ئێوەوە قسەم لەگەڵ دۆستەکانی ئێمە لە کوردستانی عێراق کرد کە دڵی فەرەنسییەکان زۆر لای ئەوانە.